ڕێکخراوی سروشتی کوردستان دووەمین کۆنگرەی خۆی سازکرد

لە ژێر ناونیشانی پەروەردەی ژینگەیی و یاسای ژینگەیی ئەمڕۆ ڕێکخراوی سروشتی کوردستان دووەمین کۆنگرەی خۆی بەڕێوە برد.

دەسپێکی کۆنگرە بە ساتێک وەستان و بەرزکردنەوەی وێنەی شەهید باجور و هاوڕێکانی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیانی خۆیان کردە قوربانی بۆ پارێزگاری لە ژینگە.

لە کۆنگرەکەدا تاو و توێی سەرجەم خاڵ و بڕگەکانی پەیڕەو کرا بە پشت بەستن بە ئەزمونی کاری ساڵانی ڕابردوو، وە بە ئامادەبونی ٤۲ ئەندامی کۆنگرە هەڵبژاردن بۆ دەستەی نوێی بۆردی باڵای ڕێکخراو کرا کە کێبڕکێ لە نێوان ۱۳ ئەندام کرا وە لە نێو ئەم ۱۳ ئەندامە ۹ ئەندام  هەڵبژێردرا.

تریفە فریدون علی، ئەندامی نوێی بۆردی باڵای ڕێکخراو بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "وەک ئەندامی بۆردی باڵا ئەرکمان قورستر دەبێت وەک چۆن بەڵێنمان داوە کەهەمیشە پارێزەری سروشت بین".

وتیشی "پلانمان بۆ داهاتوو ئەوەیە کار دەکەین کە بتوانین وانەی ژینگەیی لە نێو پرۆگرامی خوێندن هەر لە ناو باخچەکان و قۆناغی سەرەتایی جێگەی بۆ بکرێتەوە و لە ڕێی پێشکەشکردنی پرۆژە یاسا بە پەرلەمان چەندین کاری زۆر باش بکەین".

ڕێخراوی سروشتی کوردستان ڕێکخراوێکی ناحکومی قازانج نەویستە و ماوەی نۆ ساڵە دامەزراوە، ڕێکخراوەکە سیسمی هاوسەرۆکی پەیڕەو دەکات و سەرچاوەیەی داراییان زیاتر هاوکاری ئەندامان و دۆستانی ڕێکخراوەکەیە.

سازان تۆفیق



PM:09:32:30/11/2018