بەرپرسێکی پارتی لە کەرکوک رایدەگەیەنیت کە پیلانێکی مەترسیدار دژی کورد لە کەرکوک لە ئارادایەوە، ئەویش دروستکردن بازنەیەکە بەدەوری کەرکوکدا.
عەدنان کەرکووکی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کەرکووک _ گەرمیان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووە "لە کەرکووک پیلانێکی مەترسیدار دژی کورد دانراوە، بۆ ئەوەی کورد لەو ناوچانە دەر بکەن و عەرەبی لێ نیشتەجێ بکەن و قۆناغی یەکەمی پیلانەکەش وەرگرتنەوەی زەوییە لە جووتیارە کوردەکان لە سنووری قەزای داقووق و دواتریش دەرکردنیان، بۆیە بەردەوام کێشە بۆ جووتیارە کوردەکان دروست دەکەن بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن ناوچەکانیان جێ بێڵن و عەرەب لە شوێنیان دابنێن."
ئەو بەرپرسەی کەرکوک لە درێژەی لێدوانەکەیدا "لە داقووق دەست بە جێبەجێکردنی پلانەکە کراوە و دواتریش دەچێتە ناوچەکانی دوبز و لەیلان و ناوچەکانی دیکە، چونکە ئەوان دەیانەوێت بازنەیەک بە دەوروبەری کەرکووکدا دروست بکەن و ناوچەکە بە تەواوی لە کورد چۆڵ بکەن و تەعریبی بکەن."
عەدنان کەرکووکی دەشڵێ: "پێویستە سەرکردایەتیی کورد بێتە دەنگ و نوێنەرانی کوردیش لە بەغدا بێدەنگ نەبن، چونکە پرۆسەی بەعەرەبکردن بەچڕی لە سنووری کەرکووک دەستی پێ کردووە و ئەگەر پلانەکەیان سەر بگرێت لە سنووری ناوچەی دارەمانەوە بۆ ڕێگای کەرکووک _ ھەولێر شۆڕ دەبنەوە، بۆیە ناکرێت چیی تر بێدەنگی لەو پرۆسە و پلانە بکرێت."
ئاماژەیشی دا: "جگە لەوە، لە ناوخۆی کەرکووکیش فشارێکی زۆر لە کورد دەکرێت بۆ ئەوەی ناچار بن خانووەکانیان بفرۆشن و شارەکە چۆڵ بکەن و لەم پیلانە مەترسیدارتر نییە، بۆیە ھەرچۆنێک بێت پێویستە ڕێگری لە جێبەجێکردنی پلانەکە بکرێت."