ئیسرائیل بۆردومانی كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی لە سوریا كرد

شەوی رابردوو سوپای ئیسرائیل بە مووشەك كۆگایەكی چەك و تەقەمەنیی لە نزیك دیمەشقی پاتەختی سووریای كردووەتە ئامانج و سێ سەرباز بریندار بوون.

تەلەفزیۆنی فەرمیی سووریا بڵاویكردەوە، شەوی ڕابردوو 2018.12.25 ئیسرائیل بەسەر ئاسمانی لوبناندا بە مووشەك كۆگایەكی چەك و تەقەمەنیی لە نزیك دیمەشق كردە ئامانج، كە لە ئەنجامدا سێ سەرباز بریندار بوون.

هاوكات ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤی هەواڵەكەی پشتڕاست كردووەتەوە و ئاشكرایكردووە "هێرشەكانی شەوی ڕابردووی ئیسرائیل سێ كۆگای چەك و تەقەمەنییان لە باشووری دیمەشق كردووەتە ئامانج كە دەوترێ ئەو كۆگایانە هی حزبوڵای لوبنان بوون".

سوپای ئیسرائیلیش لە ئەكاونتی تویتەری خۆیدا نووسیویەتی "قەڵغانی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل لە بەرانبەر مووشەكێكی دژە ئاسمانیدا كەلە سووریاوە هاوێژراوە، كاردانەوەی هەبووە".

ئەم هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی حزبوڵا و سوپای قودس لەناو خاكی سووریا، یەكەم هێرشی ئەو وڵاتەیە دوای بڕیای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەو وڵاتە.

بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆكوەزیری ئیسرائیل، چەند ڕۆژ لەمەوبەر و لە كاردانەوە بە بڕیارەكەی ترەمپ بۆ كشانەوە لە سووریا جەختی كردەوە "ئۆپەراسیۆنی سوپای وڵاتەكەی لەدژی پێگە و ئامانجەكانی ئێران زیاتر دەبێت، چونكە دوای ئەو بڕیارە ئێران هەوڵی بەهێزكردنی پێگەی خۆی دەدات".




AM:09:26:26/12/2018