سپی هۆکاری شکستی کۆبوونەوەی سبەینێی یەکێتی و پارتی بلآودەکاتەوە

ئەو کۆبوونەوەیەی بڕیار بوو سبەی لە هاوینەهەواری پیرمام بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ و وەفدی پارتی و یەکێتی ئەنجام بدرێت شکستی هێناو هیچ وادەیەکیش بۆ کۆبوونەوەی نوێ لە ئارادا نییە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە هۆکاری شکستهێنانی کۆبوونەوەی سبەی ئەو دوو لایەنە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکار، یەکێک لەو هۆکارانە رێکنەکەوتنیانە لەسەر پرسی کەرکوک، هەرچی پارتی یە کەرکوک بەداگیرکراو ناوزەد دەکات و ئامادە نییە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا بگەڕێنەوە بۆ ئەو شارەو بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجومەن بکەن بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار، هەرچی یەکێتیشە دوای ئەوەی بێ ئومێد بوو لە پارتی، سەرقاڵی مسۆگەرکردنی نیوە زیاتری ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکە تا سەرلەنوێ پۆستەکانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەن هەڵبژێردرێتەوە، دوای ئەوەی هەوڵێکی لەو شێوەیەی یەکێتی لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٨دا شکستی خوارد ئێستا هەردوولا سەرقاڵن لە رۆژانی داهاتوودا بەبێ یەکتری هەنگاو بنێن، هەرچی یەکیتیە دەیەوێت پارێزگار دابنێت و، سەرۆکی ئەنجومەنی ئێستا ڕێبوار تالەبانی بگۆڕێت، هەرچی پارتیشە خەریکی لۆبی کردنە بۆ شکستپێهێنانی ئەم هەوڵەی یەکێتی.

سپی زانیوویەتی یەکێتی بڕیاری داوە لەگەڵ پارتی کۆنەبێتەوە تا چەند کادیرێکی دەستگیرکراوی لە ناوچەی مەخورو لە پێش هەمووشیانەوە بەرپرسی میحوەری مەخموری هێزەکانی یەکیتی غانم سەباح قادر ئازاد نەکات کە نزیکی ٢٠ رۆژە لەلای پارتی دەستگیرکراوە.
    
بەپێی ئەو زانیاریانە یەکێتی جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ئەو سەربەخۆیە کە کام بەرپرسی حیزبەکەی بەشداری کۆبوونەوەی پارتی و یەکیتی دەکات و، نابێت هێلی سوری لەسەر هیچ کادیرێکی بەشداربووی کۆبوونەوەکە هەبێت.

کۆبوونەوەی لوتکەی پارتی و یەکێتی کە بڕیار بوو سبەی سێ شەممە سازبکرێت، وەک سپی زانیوویەتی شکستی خواردووەو هیچ وادەیەکی نوێش بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو دیار نییە.
   



PM:10:09:07/01/2019