هەولێر.. مەراسیمی کارەساتی ١ ی شوبات کرایەوە

لەهەولێر لە یادی تێپەڕبوونی ١٥ ساڵ بە سەر رووداوی دوو تەقینەوەکەی مەڵبەندی یەکێتی و لقی هەولێری پارتی کە ١٠١ کادیرو پێشمەرگەی تێدا شەهیدبوو، مەراسیمێک سازکرا.

لە یادکردنەوەی ئەو کارەساتەندا، ئەمرۆ ١ی شوبات، بەرپرسانی حكومی و حزبی و نوێنەری وڵاتان لە ھەولێر سەردانی مۆنۆمێنتی شەھیدانی یەكی شوباتیان كرد و تاجە گوڵینەیان لە سەر گڵكۆی شەھیدان دانا.

هەر لەو مەراسیمەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتارێکی خوێندەوەو وتی " "ئەمڕۆ یادی رووداوێکی ئاسایی ناکەینەوە، بەڵکو یادی تێکەڵبوونی خوێنی پێشمەرگە و سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی دەکەینەوە کە لە رۆژە سەختەکان و بۆ پارێزگاریکردن لە دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان لە یەک سەنگەردا بوون".

نێچیرڤان بارزانی وتیشی: "یەکی شوبات ئەو راستیەی بۆ هەموو لایەک دەرخست کە دووژمنان هیچ جیاوازییەک لەنێوانماندا ناکەن و لەیەککاتدا دژایەتی هەموومان دەکەن، بۆیە لەم رۆژەدا دەبێ بەبێر خۆمان بهێنینەوە کە ئێمەش دەبێت یەکگرتوو بین و هەموولایەکمان یەکگرتووییمان بپارێزین".

هەر بەبۆنەیەوە سەعدی پیرە وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وتی " كارەساتێكی گەورە و بێ وێنەبوو لە یەكەم رۆژی جەژنی قوربانی پیرۆزەدا، لەو رۆژەدا پەرەسێلكە و  رەشپۆشەكانی بەناو قاعیدە لەیەك ساتدا ئەو دوو دامەزراوە گرنگەیان تەقاندەوە و لە ئەنجامدا نزیكەی 100 سەركردە و كادر لەهەردوولا شەهید بوون و ئەونەی تریش بریندار و كەمئەندام بوون."

وتەبێژەکەی یەکێتی وتیشی" بەوبۆنە خەمناكەوەو لەم رۆژەدا پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی كەسوكاری سەرجەم شەهیدان و بەتایبەت شەهیدانی ئەم رۆژە دەكەم."
لەو رووداوەدا کە ١٥ ساڵ لەمەبەر لەلایەن دوو " تیرۆریستی " سەر بەرێکخراوی قاعیدە لەیەک کاتیدا لە لقی هەولێری پارتی و مەڵبەندی یەکێتی ئەنجامدرا بوو‌ هۆی شه‌هیدبوونی ده‌یان بەرپرسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان کۆی شەهیدەکان ١٠١ شەهید و ٢٥٠ برینداری لێکەوتەوە.



PM:12:09:01/02/2019