زانیاری لەسەر مووچەی پاشەکەوتکراوی ساڵێکی خانەنشینان بلآودەکرێتەوە

لەبارەی دابەشكردنی موچەی خانەنشینی کە یەک  ساڵی لێ پاشکەوت کراوە، بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگە لەسلێمانی  ڕایدەگەیەنێت، "میكانیزمێكی نوێ بۆ كێشەی موچە خانەنشینان دادەنرێت بەتایبەت كە ئێستا ماوەی یەك ساڵ موچەی خانەنشینی دواكەوتوە".
 
شێخ عەزیز محەمەد بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگە لەسلێمانی بە ماڵپەڕی تۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕاگەیاندووە، "بۆ دابەشكردنی موچەی خانەنشینی لەئێستادا موچەی مانگی دوی ساڵی ڕابردوو دابەشدەكرێت و، بۆ ئەو مەبەستەش هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ وەزارەتی دارایی كۆبونەوەمان ئەنجامداوە".

بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگە وتیشی:"ناكرێت خانەنشینان لەدابەشكردنی موچە، یەكساڵ لەدواوەبن، بۆیە ئەو كێشەیە لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابوری باسی لێوەكراوەو ئەوانیش دیراسەی ئەو گرفتە دەكەن و لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران كێشەكە تاووتوێدەكرێت و دواتر بڕیاری لەبارەوە دەدرێت".

ئاشكراشیكرد، "بەشێكی ئەو خانەنشینانە لەكاتی كۆچی دواییاندا كێشەیان بۆ دروستدەبێت كە موچەی یەك ساڵیان پێنەدراوە, بۆیە ئەگەر سیستمی پاشەكەوتی سەر موچەی فەرمانبەران لاببرێت، ئەوا میكانیزمێك دەدۆزرێتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی دواكەوتنی موچەی خانەنشینانیش".

ئەوەشی وت:"لەم قۆناغەدا پارەی پێویست لەبەردەستدا نییە بتوانرێت ئەو موچە نەدراوانەی خانەنشینان بەیەكەوە خەرجبكرێت، جگەلەوەش هیچ بڕیارێك نییە كە چەند موچەیەكیان بەسەریەكەوە بۆ خەرجبكرێت و كۆتایی بەكێشەی دابەشكردنی موچەی خانەنشینی بهێنرێت".



PM:10:28:16/02/2019