ناوەرۆكی كۆبوونەوەی عادل عەبدولمەهدی و مەولود چاوەش ئۆغڵو

وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا سەرەڕای گفتوگۆ دەربارەی بەرزكردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و توركیا باسیان لە كاری هاوبەش لە دژی پارتی كرێكارانی كوردستان كردووە. 

مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا لە رێی هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا باسیان لە بەرزكردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و توركیا بۆ 20 ملیار دۆلار و پێكەوە شەڕكردن لە دژی پارتی كرێكارانی كوردستان كردووە.

بەڵام تا ئێستا حكومەتی عێراق هیچ روونكردنەوەیەكی فەرمی دەرباریە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە ئاشكرا نەكردووە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆش مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد عەلی حەكیم وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغدا ئاشكرایكرد، لە كۆتایی ئەمساڵدا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بە مەبەستی بەشداریكردن لە چوارەمین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ھەماھەنگیی ستراتیجیی باڵادا، سەردانی عێراق دەكات".

چاوشئۆغڵو ئەوەشی خستەڕوو كە لە میانی سەردانە دوو رۆژییەكەیدا بۆعێراق، كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە بەسڕە دەكاتەوە، هەروەك رەزامەندی حكومەتی بەغداشیان لەسەر كردنەوەی كونسوڵخانەی توركیا لە نەجەف وەرگرتووە و كاریش دەكەن بۆ وەرگرتنی رەزامەندی كردنەوەی كونسوڵخانە لە كەركوك.



PM:02:30:28/04/2019