سیروان بابان لەبارەی لێسەندنەوەی رەگەزنامە لە هاووڵاتیانی عێراقی روونکردنەوەیەک بلاودەکاتەوە

ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی کوردستان هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکاتەوە، کە هیچ بڕیارێک نییە لەبارەی لێسەندنوەی رەگەزنامە لەو هاوڵاتییە عێراقییانەی کە خاوەنی رەگەزنامەیەکی دیکەی بیانین.

سیروان بابان ئەندامی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێکیدا کە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردوەتەوە نوسیویەتی" چەند رۆژێکە هەوالی ناراست بلاودەکرێتەوە، کە گوایە لەپەرلەمانی عێراق بڕیارێک دەرچووە، هەر هاوڵاتییەک لەدەرەوەی وڵات بژی و ڕەگەزنامەی ولاتێکی تری هەبێت، ئەوا ڕەگەزنامە عێراقیەکەی لێدەسەندرێتەوە".

وتیشی" لەم بارەیەوە من وەک پەرلەمانتارێکی کوردستان کەئەندامم لە لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوە و ڕەوەندی کوردستانی، بەدواداچوونم بۆ ئەم پرسە کردووە و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار قسەمکردووە، بۆیان ڕوون کردومەتەوە کە سەرلەبەری ئەو هەواڵ و زانیاریانە ناراستن، هیچ باسێک لەپەرلەمانی عیراق سەبارەت بەو بابەتە نەکراوە و بەهیچ شێوەیەک بریار و ڕاسپاردەی لەو شێوەیە دەرنەکراوە.

سیروان بابان نوسیویەتی، ئەوەی هەبووە لەکۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق تەنها باسی مەرج و رێکارە مەدەنی و یاساییەکان کراوە کە چۆن هاولاَتی عێراقی دەبێتە خاوەنی رەگەزنامەی عێراقی، نەک لێ سەندنەوەی ئەو مافە.

لە بەشێکی دیکەی نوسینەکەیدا ئەو پەرلەمانتارە دڵنایی دەداتە هاوڵاتیانی عێراقی نیشتەجێی وڵاتانی دەرەوەو ئاماژە بەوەدەکات، کە لەئێستادا وەک پێشووتر ئەتوانن خاوەنی دوو رەگەزنامە یان زیاتر بن.




PM:10:13:09/05/2019