بڕیارێکی نوێ لەبارەی مامۆستایانی گرێبەستەوە درا

حكومەتی هەرێم بڕیاریدا بۆ ماوەی 10 مانگ گرێبەستی مامۆستایان نوێبكرێتەوە و جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانیش زانیاری لەبارەی كێشەی كەمی میلاكی مامۆستایانەوە ئاشكرا دەكات.

بەگوێرەی بڕیارێكی نوێی حكومەتی هەرێم، بڕیاردراوە بە نوێكردنەوەی گرێبەستی سەرجەم مامۆستایان لە 22 ی تەمموزی 2019 تاكو كۆتایی مانگی ئەیلولی 2020 بەو مەرجەی وەزارەتی پەروەردە پێویستی بە راژەكەیان بێت.

عەتا موحەمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان رایدەگەیەنێت: نوێكردنەوەی گرێبەستەكانیان لەسەر داوای یەكێتی مامۆستایان و وەزارەتی پەروەردە بووە، بەڵام تا سەرجەم مامۆستایان كە ژمارەیان پێنج هەزارو (600) مامۆستایە لەگەڵ مامۆستایانی وانەبێژ كە ژمارەیان پێنج هەزار مامۆستایە نەكرێنە هەمیشەیی، كێشەی كەمی میلاكی وەزارەتی پەروەردە چارەسەر ناكرێت.

بەپێی رێنماییەكی وەزارەتی دارایی هەرێمیش، هەر مامۆستایەكی گرێبەست كە لە سێ ساڵ زیاتر بێت، دەكرێتە هەمیشەیی، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە ماوەی شەش ساڵە كار بەو رێنماییە نەكراوە.

هاوكات وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بڕیاریداوە مامۆستایانی وانەبێژ لە خوێندنگەكاندا دابنرێنەوە، بەو مەرجەی بەڕێوەبەری خوێندنگەكان رەزامەندی لەسەر دانانەوەی بدات.


PM:02:04:26/07/2019