" هەر لایەن و کەسێک ئاسایشی عێراق تێکبدات ئەمەریکا سزای دەدات "

کۆنگرێسی ئەمەریکا یاسایەک پەسەند دەکات کە هەر لایەن و کەسێک ئاسایش و ئارامی عێراق تێکبدات روو بەرووی سزا دەبێتەوە.

ئاژانسەکان بلآویان کردەوە، کۆنگرێسی ئەمەریکا یاسایەکی لە قازانجی عێراقیەکان دەرکردووە هەر لایەن و کەسایەتیەک ئارامی و ئاسایشی عێراق تێکبدات، رووبەرووی سزا دەبێتەوە.

بەپێی یاساکە هەر لایەنێک ئارامی و ئاسایشی عێراق تێکبدات روو بەرووی سزای ئابوری و دارایی دەبێتەوە.

هەروەها یاساکە وەزیری دەرەوەی سەرپشک کردووە کە هەموو ساڵێک لیستێک دروست بکات بۆ ئەو رێکخراو لایەن و دەوڵەتانەی دەوری نێگەتیڤیان هەیە لە ئاسایشی عێراقدا، تا روو بەرووی سزای ئابوری و دارایی بکرێنەوە.

ئەم دەسەلآتە پێشتر لەلایەن دۆناڵ ترامپەوە، بڕیاری لەسەر دەدرا، وەک ئەو سزایەی دوو هەفتە لەمەوبەر سەپاندی بەسەر چوار کەسایەتی شیعەو سونەی عێراقی، بەلآم ئەمجارە یاسایی تر و فراوانتر کراوەو کۆنگرێس بڕیار لەسەر یاساکە داوە.

ئەو یاسایە لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا سزایەکی توندی هەمەلایەنەی خستۆتە سەر ئێران و رێکخراوانەی لەو ولآتەوە نزیکن و کۆمەک دەکرێن. 



ئه‌م بابه‌ته ‌1168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:08:00:27/07/2019