دەنگۆی کردنەوەی سنورەکان لە تورکیاوە بۆ ئەوروپا ڕەتدەکرێتەوە

نوێنەری فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی لە تورکیا ڕەتیکردەوە سنورەکان بەروی کۆچبەراندا لە تورکیاوە بەرەو ئەوروپا بکرێنەوە و دەڵێت "ئەم پروپاگەندانە راست نین".

رۆژ عەزیز، نوێنەری فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی لە تورکیا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "چەند رۆژێکە دەنگۆی کردنەوەی سنورەکان هەیە بەروی کۆچبەراندا لە تورکیاوە بەرەو ئەوروپا، دەمەوێت لێرەوە بە رایگشتی رابگەیەنم ئەم پروپاگەندانە ئەسڵ و ئەساسی نیە، بەڵکو کۆمەڵێک قاچاغچی و کەسانێکن کەڵک لەمە وەردەگرن و تا خەڵکی کوردستان ڕو لە تورکیا بکەن و بەرەو ئەوروپا بڕۆن".

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو کەسانەی دەڕۆن لەسنوری تورکیا یۆنان دەستگیردەکرێن و دواتر هەندێک کەس دەستگیرکراوەکان بەپارە بەردەدات، ئەوانەی ئەو پڕوپاگەندانە دەکەن تەنها بۆ ئەوەیە هانی هاوڵاتیانی کورد بدەن بەرەو تورکیا و یۆنان بەرێ بکەون خۆشیان قازانج لە گرتنی پەنابەراندا بکەن تا بە پارە پەنابەر بەربدەن.
 
ئەوەش لەکاتێکدایە هەفتەی رابردو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەمیانی وتارێکدا رایگەیاند، ئەگەر یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی لە پڕۆژەکەی نەکات لە سوریا و ناوچەی ئارام، ئەوا سنورەکان بەروی پەنابەراندا دەکاتەوە.

نوێنەری فیدراسیۆنی پەنابەران لە تورکیا دەڵێت، "ئەم لێدوانانە ئەکەمجار نیەو چەندین جار ئەم لێدوانانە دراون، لێدوانەکانێش زیاتر وەک کارتی فشارە، ئەگینا رەنگە کردنەوەی سنورەکان لە لایەن تورکیاوە ئاسان نەبێت، چونکە تورکیاو ئەوروپا ڕێککەوتنیان ئەنجام داوە پابەندن بەو ڕێکەوتنەوە".


AM:09:25:09/09/2019