" لە کێڵگەیەکی نەوت ٧٠ خزمی نزیکی بەرپرسێکی حکومی دامەزرێنراون "

کەمپینێکی گەنجان کە کاردەکات بۆ خولقاندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان رایدەگەیەنێت " " لە کێڵگەیەکی نەوت ٧٠ خزمی نزیکی بەرپرسێکی حکومی دامەزرێنراون".

 
لە راگەیەندراوێکدا کە دانەیەکی بۆ ( سپی ) نێردراوە، تیایدا هاتووە " لە یەکێک لە سەیرترین کەیسەکاندا کە کەمپەینەکەمان بەدواداچوونی بۆ کردووە، لە یەکێک لە کێڵگە نەوتیەکانی کۆمپانیای نەوتی ئۆڕێکسی سویسری کە لە گوندی ئۆراغەی سەر بە ناحیەی گوێڕی نزیک هەولێرە، لە کۆی ٧٠ کارمەند کە وەکو کرێکار لە کۆمپانیاکەدا کار دەکەن سەرجەمیان پورزا و ئامۆزا و کەسی نزیکی بەڕێوەبری ناحیەکە و فەرماندەیەکی سەربازیی ناوچەکەن و بەبێ ڕەچاوکردنی توانا و بڕوانامە و پسپۆڕیان دامەزرێنراون".

 
دەقی راگەیاندراوەکە..

 
ڕاگەیەنراوێک لە کەمپەینی دەرفەتەوە..

 
دوای ئەوەی لەماوەی رابردوودا کەمپەینەکەمان لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان بەدواداچوونی بۆ چەندین کەیس کرد کە پەیوەست بە ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسانی کارکردن بۆ گەنجان، بەداخەوە چەندین ڕاستیی تاڵمان بۆ دەرکەوت. 
لە یەکێک لە سەیرترین کەیسەکاندا کە کەمپەینەکەمان بەدواداچوونی بۆ کردووە، لە یەکێک لە کێڵگە نەوتیەکانی کۆمپانیای نەوتی ئۆڕێکسی سویسری کە لە گوندی ئۆراغەی سەر بە ناحیەی گوێڕی نزیک هەولێرە، لە کۆی ٧٠ کارمەند کە وەکو کرێکار لە کۆمپانیاکەدا کار دەکەن سەرجەمیان پورزا و ئامۆزا و کەسی نزیکی بەڕێوەبری ناحیەکە و فەرماندەیەکی سەربازیی ناوچەکەن و بەبێ ڕەچاوکردنی توانا و بڕوانامە و پسپۆڕیان دامەزرێنراون و دەرفەت بە گەنجانی شیاوی ناوچەکە نەدراوە سودمەندبن لە دەرفەتەکانی کار لەو کۆمپانیایە لەکاتێکدا کە زۆرترین زیانی ژینگەیی و تەندروتی بەر ئەوان کەوتووە بەهۆی کۆمپانیاکەوە. 
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کەمپەینی دەرفەت بەدەستیهێناوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چەندین کارمەندی تر لەو کۆمپانیایە دەستبەکاردەبن کە دووبارە سەرجەمیان ئامۆزای یەکدین و کەسی نزیکی بەڕیوەبری ناحیەکەن. 


کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە هەر ناوجەیەک بە ڕاوێژ لەگەڵ یەکەی کارێڕی ناوچەکە کارمەد دادەمەزرێنن و لە زۆرێک لە ناوچەکاندا ئەم دەرەفەتە لەلایەن بەرپرسانەوە قۆزراوەتەوە و کەسە نزیکەکانی خۆیان سودمەند دەکەن.


ئێمە جەختدەکەیەنوە دەبێت دەرفەتی یەکسان بەشیوەیەکی دادپەروەرانە بۆ سەرجەم گەنجانی کوردستان بەگوێرەی پسپۆڕیی و لێهاتوویی و لەسەر بنەمای توانا بڕەخسێنرێت بۆئەوەی کۆتایی بەم دۆخە خراپەی گەنجانی بێکار بهێنرێت. کەمپەینی دەرفەت ٢٨/٩/٢٠٩.
کەمپەینی دەرفەت ماوەی سێ مانگە لەلایەن چەند گەنجێکەوە راگەیەنراوە و لە هەرجوار پاریزگاکەی هەرێمی کوردستان چالاکوانی هەیە و بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی دەستپێکی کەمپەینەکە، ئامانجیانە لەماوەی شەش مانگدا بە ڕێکخستنەوەی کەرتەکانی گشتی و تایبەت دەرفەتی کار بۆ گەنجان بڕەخسێت و ڕێژەی بێکاری بۆ نیوهێندەی ئێستا کەمبێتەوە.




PM:08:47:28/09/2019