پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی چەند ژن و پیاوێكی ڕاگەیاند

ئەمرۆ سێشەممە نەقیب سەركەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری‌ بەشی‌ ڕاگەیاندن‌و پەیوەندییەكانی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ لەكۆنگرەیەكی‌ ڕۆژنامەوانیدا ئاماری‌ كاروچالاكییەكانی‌ خستەڕوو و ڕایگەیاند "تۆمەتبارێك كە فەرمانی‌ دەستگیركردنی‌ هەبو بەتۆمەتی‌ بردنی‌ ٣٩ دەفتەر دۆلاری‌ هاوڵاتیان‌و ساڵێك بو هەڵهاتبو بۆ دەرەوەی‌ هەرێم، پاش گەڕانەوەی‌ بۆ شاری‌ سلێمانی‌ چاودێریكردنی‌، توانرا لەلایەن هێزەكانی‌ پۆلیسەوە دەستگیربكرێت‌و لەئێستادا بەبڕیاری‌ بەڕێز دادوەر بەندە".

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، هێزەكانی‌ پۆلیس لەماڵێكدا لەشاری‌ سلێمانی‌ ژمارەیەك تۆمەتباری‌ ژن‌و پیاویان دەستگیركردووە كە ماددەی‌ هۆشبەریان بەكارهێناوەو كاری‌ بەدڕەوشتیان كردووە.

رونیشیكردەوە، كە مەفرەزەكانی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ وارماوە باندێكی‌ شەش كەسیان دەستگیركردووە كە سەرقاڵی‌ هێنانی‌ دراوی‌ ئەمریكی‌ ساختەبون لەشارەكانی‌ باشورو ناوەراستی‌ عێراقەوە بۆ شاری‌ سلێمانی‌‌و ساخكردنەوەی‌ لەناو بازاردا.

نەقیب سەركەوت ئەحمەد راشیگەیاند، تۆمەتبارێك دەستگیركراوە كە كۆمەڵێك مستیلەی‌ گرانبەهای‌ زیوی‌ دزیوە ، لەگەڵ 1700 دۆلاری‌ ئەمریكی‌ لەناو بازاردا، هەروەها سێ تۆمەتبار دەستگیركراون بەتۆمەتی‌ هەڕەشەكردن لەچەند دوكاندارو بەڵێندەرو بازرگان كە داوای‌ سەرانەیان لێكردون.

هەر لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا ئەوەشخرایەڕو كە چوار تۆمەتبار دەستگیركراون بەتۆمەتی‌ دزیكردن لەفامیلی‌ مۆڵ‌و نەخۆشخانەی‌ بەخشین‌و چەند ماركێتێكی‌ شاری‌ سلێمانی‌.

بەڕێوەبەری‌ بەشی‌ ڕاگەیاندن‌و پەیوەندییەكان ئەوەشی‌ وت، سێ تۆمەتبار دەستگیركراون كە لەهۆڵەكانی‌ لەشجوانی‌‌و چەند گەڕەكێك موبایلیان لەهاوڵاتیان دزیوە.

هاوكات پاش چاودێریكردن‌و پێدانی‌ زانیاری‌ لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەهێزەكانی‌ پۆلیس، 12 ئافرەت لەچەند گەڕەكێكی‌ شاری‌ سلێمانی‌ دەستگیركراون بەتۆمەتی‌ بەدڕەوشتی‌.

نەقیب سەركەوت ئەحمەد لەكۆتایی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا رایگەیاند، لەمانگی‌ ڕابردودا 1212 تۆمەتبار بەفەرمانی‌ بەڕێز دادوەرو بەپێی‌ ماددە یاساییە جۆراوجۆرەكان دەستگیركراون.

 

 


PM:02:50:02/10/2019