پڕۆ گۆڕان داوای پێکهێنانی ئەنجومەنێکی نەتەوەی سەرانسەری دەکات

لەگەڵ بەردەوامی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان" پڕۆ گۆڕان "، داوای پێکهێنانی ئەنجومەنێکی نەتەوەیی لە سەرانسەری کوردستان دور لە کاریگەر و دەسەڵاتی حزبی بۆ پشتیوانی خەبات و بەرخودانی رۆژئاڤا دەکات.

 
دەقی بەیانەکەی پرۆ گۆڕان

                                                                           جەماوەری کوردستان
کەسایەتی و رێکخراو و هێزە تێکۆشەرە دڵسۆزەکانی کوردستان
هێزە قارەمانەکانی شەرڤانان و پێشمەرگە


پاش هەڵکردنی چرای سەوزی دۆنالد ترەمپ بۆ سەرۆک کۆماری تورکیا، رژێمە کورد کوژەکەی ئەردۆگان بە شێوازێکی درندانەی فاشیستانە دەستی بە قرکردنی کورد کردوە، چەک و تفاقە سەربازیە مۆدێرنەکانی کەوتونەتە ئاگرباران کردنی کورد و وێرانکردنی زێدی باو و باپیرانمان.
ترەمپ نوێنەرایەتی شەرعیەتی نێودەوڵەتی ناکات تا رێگە بە داگیرکردنی بەشێکی سوریا و کوشتنی هاوڵاتیەکانی بە رژێمێکی فاشستی خوێنرێژ بدات. 
ئەزمونی رۆژئاڤا لە بە دەستهێنانی سەرکەوتن لە گرنگترین جەنگی دژ بە درەندەترین گروپی تێرۆریستی داعش شان بە شانی هاونەتەوەکانیان لە هێزەکانی پێشمەرگە لە باشور و شەهیدبونی نزیکە ١٥٠٠٠ رۆڵەی نەتەوەکەمان و دەیان هەزار بریندار و ئاوارە و ماڵوێرانی، یەکێک لە مەلحەمە گەورەکانی خەباتی میللەتی کوردیان تۆمارکرد. شان بەشانی ئەو جەنگە خەستە کە کورد لە سەر گۆرەپانی شەر هێزە بنەرەتیەکەی بو و ئەمریکا و هاوپەیمەنەکانی پشتیوانیان دەکردن رۆژئاڤا توانی نمونەیەکی حوکمرانی مۆدێرنیش بچەسپێنێت کە بۆتە مایەی پشتگیری دنیای دیموکرات و مرۆڤ دۆست. هەر بۆیە لە گەڵ یەکەم کاری دوژمنکارانەی فاشیستەکانی تورکیا دەرکەوت لە ناو سەنتەرەکانی دەسەڵاتی ئەمریکی و ئەوروپی و کەسایەتیە ناودارەکان، تەنانەت لە هەر دو کۆنگرێس و ئەنجومەنی پیران بە کەسایەتیەکانی نزیکیش لە ترەمپ و حزبەکەی و نوسەر و رۆژنامەگەر و ئەکتەر و لێکۆڵەرەوەکانی ئەوروپا و ئەمریکا راشکاوانە و بێ پێچوپەنا ئیدانەی کارەکەی ترمپ و هێرشەکانی تورکیایان کرد و بە مەترسیەکی جدی دەزانن بۆ قرکردنی کورد و بە بێ وەفایی سیاسی و ئەخلاقی ترەمپ و دەروبەری بەرامبەر بە کورد وەسفی دەکەن.
لە سەر گۆرەپانی ئەوروپا و جیهانی عەرەبیش، بێجگە لە وڵاتی قەتەری مەوتن و سەرچاوەی گرنگی ئیرهابی ئیسلامی،  هەڵوێستی فەرمی راشکاوانە بەرامبەر بە هێرشەکانی رژێمە فاشستەکەی ئەردۆگان وەرگریراون وتەنانەت داوای سزادان و ئابلوقەی ئابوری ئەو رژێمە دەکەن.


جەماوەری دڵسۆزی کوردستانی گەورە،
هاوکات لە گەڵ ئەم هەڵوێستە جوامیرانەی غەیرە کوردەکان دەبینین چۆن زۆربەی هێز و بەرپرس و دەسەڵاتدارانی هەرێم بێ شەرمکردن هەڵوێستی نارون و پر پێچوپەنایان بەرامبەر مەترسی لە ناوبردنی هاونەتەوەکانیان لە رۆژئاڤا و داگیرکردنەوەی بەشێکی زیندوی خاکی کوردستان وەرگرتوە. پێویست ناکات زەمینە و هۆکاری ئەمجۆرە هەڵوێستانەی دەسەڵاتدارانی حوکمرانی و سیاسی هەرێم  و بە پەرلەمانە پاشکۆکەی هەرێمی کوردستانیشەوە، شێبکرێنەوە، چونکە دەمێکە دڵسۆزانی ئەم میللەتە لە ماهیەتی ئەمجۆرە دەسەڵاتدارانە تێگەیشتون.
ئەمرۆ رۆژی کردارە نەک لێدوان و قسەی هەزاران دوبارەبوەوە، ئەمرۆ ساتێکی گرنگی جەنگی نەتەوەیی کوردە، چونکە هەرچۆن داعش بوە مەترسی و هەرەشەی گەورە لە سەر حوکمرانی باشور ئەمرۆش ئاغاکانی داعش بونەتە گەورەترین مەترسی لە سەر حوکمرانیەکەی رۆژئاڤا، جەنگێک بە جەماوەری دڵسۆزی کوردستان بە پشتیوانی هێزە بە ئەمەکانی کوردایەتی لە هەمو بەشەکانی تری کوردستان دەکرێت.
لەم روانگایەوە پرۆگۆڕان باوەری بەهێزی هەیە کە راگرتنی هەمو بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیخوری و سەربازیانەی تورکیا لە هەرێم بەشێکی گرنگی ئەم جەنگەی کوردە دژ بەم رژێمە فاشستە. بایکۆتکردنی بەرهەمەکانی تورکیا، راگرتنی گەشت بۆ تورکیا، داخستنی بنکە سیخوریەکانیان لە شارەکانی کوردستان و دەرکردنی سەربازەکانیان بەشێکی گرنگی ئەو هەڵمەتەن. چاوپۆشین لەم تاوانە گەورەیەی تورکیا بە هەر پاساوێکەوە بێت مانای کارئاسانی و پشتگیری ناراستەوخۆی هێرش و رژێمەکەی ئەردۆگانە.
لە گەڵ ئەم هەنگاوە پێکهێنانی ئەنجومەنێکی نەتەوەیی لە سەرانسەری کوردستان دور لە کاریگەر و دەسەڵاتی حزبی بۆ پشتیوانی خەبات و بەرخودانی رۆژئاڤا و یارمەتی پەنابەر و بریندار و ئاوارەکان و کۆکردنەوەی کۆمەک لە هەمو بوارەکاندا بۆیان بەشیکی گرنگی تری ئەم جەنگە نەتەوەییەیە.
ناشێت ئاماژە نەکەین بەوەی رەوەندی کوردی کوردستانی گەورە لە ئەوروپا و ئەمریکا یەکێک لە رێکخراوترین و تۆکمەترین رەوەندە بیانییەکانن، ئەمانیش بە رێگەی خۆپیشاندان و مانگرتن و بەرپاکردنی هەڵمەتێکی راگەیاندنی هاوبەش و کۆکردنەوەی جۆرەها کۆمەک و بە دەستهێنانی پشتیوانی سیاسی و دیبلۆماسی و مرۆیی بەشێکی تری هەستیاری ئەم جەنگە نەتەوەییەیە.
پشتئەستور بە رۆڵە دڵسۆزەکانی نەتەوەکەمان و بەرخودانی رۆژئاڤا ئەم جەنگە نەتەوەییە دەبێتە مەلحەمەیەکی تر پڕ شانازی و ئومێدبەخش بۆ نەتەوەی کورد.


شەرمەزاری و ریسوابون بۆ رژێمەکەی ئەردۆگان و پاشکۆ و جاشە ئیسلامیە تێرۆریستەکانی،
سەربەرزی و سەرکەوتن بۆ کورد و بەرخودانە رەواکەی.


پرۆگۆڕان
١١ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩




    




AM:09:41:12/10/2019