ئەنجومەنی وەزیران چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد

ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی تشرینی یەکەمی 2019 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن کۆبووەوە و چەند بڕیارێکی دەرکرد.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە لە رۆژانی داهاتوودا و لە دوای کۆتاییهاتنی سەد رۆژی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، راپۆرتێکی بەرفراوان بڵاودەکرێتەوە و تیایدا بە وردەکارییەوە ئاماژە بەو کار و پڕۆژانە دەکرێت کە ئەنجام دراون و ئەوانەی نەتوانراوە ئەنجام بدرێن لەگەڵ روونکردنەوەی هۆکارەکانی ئەنجام نەدانیان، لەمبارەیەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران وتی حکوومەت هی خەڵکە و دەبێ لە خزمەتی خەڵکدا بێت و هاووڵاتیان مافی خۆیانە بزانن حکومەت تا ئێستا چی کردووە.

دواتر سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی عێراق و ئاماژەی بەوەدا کە ئێمە لەگەڵ داوا رەوا و یاسایییەکانی خەڵکی خۆپێشاندەری عێراقین، بەڵام بە هیچ شێوەیەك لە گەڵ تووندوتیژیدا نین ئینجا لە هەر لایەکەوە بێت. پشتگیریش لە هەنگاوە چاکسازییەکانی حکوومەتی عێراق دەکەین، بەڵام داواکارین هاووڵاتیان بە شێوازێکی ئاشتییانە داواکارییەکانیان بخەنەڕوو و دامودەزگاکانی حکوومەتی عێراقیش بەرپرسیارانە وەڵامی داخوازی ئاشتیخوازانەی خۆپێشاندەران بدەنەوە. گوتیشی سەقامگیربوونی بارودۆخی عێراق لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراقە بە هەرێمی کوردستانیشەوە. هەروەها هیوادارین کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرالی بە پێی دەستوور چارەسەر بکرێن و بەغدا وەڵامێکی ئەرێنی پێشنیازەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بداتەوە.

لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سوریاش، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران نیگەرانی خۆی لەگرژبوونی دۆخەکە نیشاندا و ئاماژەی بە لێکەوتە خراپەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد کە تا ئێستا زیاتر لە 8 هەزار پەنابەر بە هۆی ئەم دۆخەوە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. روونیشیکردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەرچی پێوست بێت بۆ هاوکاریکردنیان ئەنجامی دەدات، بەڵام پێویستی بە هاوکاری حکوومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە کە لەمبارەیەوە یارمەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بدەن.

پاشان ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی پێداچوونەوە بە پێکهاتەی کارگێڕی و دارایی وەزارەت و دەستە و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت کرد بە رەچاوکردنی دۆخی ئێستا .  بۆ ئەم مەبەستەش بڕیار درا هەر وەزارەتێک لە لای خۆیەوە بە وردیی پیداچوونەوە بە پێکهاتەی وەزارەت ودامەزراوەکانی بکات بە پێی پلان وخشتەیەکی زەمەنی دیاریکراو بە ئاراستەی زیاتر بە دامەزراوەییکردن و کەمکردنەوەی خەرجییەکان هەروەک لە هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمدا هاتووە.

بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە ، خستنەڕووی رەشنووسی پڕۆژەی لکاندنی منداڵ بە خێزانی جێگرەوە بوو کە لەلایەن کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی خرایە روو. لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا پڕۆژەکە بە شێوەیەکی مەبدەئی پەسەند بکات دوای ئەنجامدانی چەند گۆڕانکارییەک.

ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها گفتوگۆی دەربارەی راپۆرتێکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون کرد بـۆ ڕێكخسـتنەوە و كـۆکردنەوە و هەڵگرتنی ســــەرجەم ئەو دۆکیۆمێنت و ڕێككەوتننامە و یاداشتی لەیەکگەیشتنانەی کە لەکاتی سەردانی فەرمی شاندەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوەی وڵات ئەنجام دراون، ئەمەش لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە تێێدا هاتووە ئەنجامدانی ئیفاد و سەفەر و کۆنگرە و کۆنفرانس بە پێی پێویستی دەبێت.


PM:05:48:23/10/2019