خلوسی ئاکار: هێشتا هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌ له‌ ناوچه‌ی ئۆپراسیۆنی توركیا ماونەتەوە

خلووسی ئاكار، وه‌زیری به‌رگری تورکیا ڕایگەیاند "یه‌په‌گه‌ به‌ ته‌واوی له‌ ناوچه‌كانی باكووری سووریا پاشه‌كشه‌ی نه‌كردووه‌".

له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی "سه‌باح"ی تورکی خلووسی ئاكار رایگه‌یاند، "پێده‌چێت هێشتا هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌ له‌ ناوچه‌ی ئۆپراسیۆنی توركیا مابنه‌وه‌ و به‌ ته‌واوه‌تی ئه‌وان پاشه‌كشه‌یان نه‌كردووه‌".

ئاکار وتیشی "نزیكه‌ی هه‌زار چه‌كداری یه‌په‌گه‌ له‌ ته‌ل ره‌فعه‌ت و ژماره‌یه‌كیشیان له‌ منبج ماونه‌ته‌وه‌ و هه‌ردوو ناوچه‌كه‌ش ده‌بێت له‌ چوارچێوه‌ی ناوچه‌ی ئارام بن، كه‌ توركیا و رووسیا له‌ باره‌یه‌وه‌ رێككه‌وتوون".

رۆژی 17ی تشرینی یه‌كه‌می 2019 هه‌ریه‌ك له‌ ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیا له‌ "سوچی" رێككه‌وتن، له‌ ماوه‌ی 150 كاتژمێردا، هێزه‌ كوردییه‌كان به‌ قوڵایی 30 كیلۆمه‌تر له‌ سنووری توركیا دوور بكه‌ونه‌وه‌ و ئه‌مڕۆش كاتژمێر 06:00ی ئێواره‌ به‌ كاتی هەرێمی کوردستان ئه‌و مۆڵه‌ته‌ ته‌واو ده‌بێت.

دوای ئه‌و واده‌یه‌، بڕیاره‌ ده‌ورییه‌ی هاوبه‌شی رووسیا و توركیا به‌ قوڵایی 10 كیلۆمه‌تر له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی نێوان سووریا و توركیا ده‌ست به‌ كاره‌كانیان بكه‌ن.


PM:03:17:29/10/2019