ڕانیە.. کەسێک بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبیل دەستگیرکرا و دانی ناوە بە تاوانەکەی

لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند" لە ڕانیە کەسێک بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبیل دەستگیرکرا و دانی ناوە بە تاوانەکەی".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا پۆلیسی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوەکرد" سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هاوڵاتیەک بەمەبەستی سکاڵا نوسین سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی ڕاپەڕینی کرد لە ڕانیە و سکاڵای تۆمارکرد لەسەر ئەوەی ئۆتۆمبیلەکەی لەجۆری پیکاپ گۆناو کە لەبەردەم ماڵەکەی خۆی ڕایگرت بوو لێی دزراوە".

 

پۆلیسی ڕاپەڕین وتیشی" دوای کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر بە دەست بەسەرداگرتنی ئۆتۆمبیلەکە و دەستگیر کردنی بکەری تاوان، ڕاستەوخۆ مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی ڕاپەڕین بە پشت بەستن بە زانیاری وورد توانرا لەماوەی کەمتر لە شەش کاتژمێر ئۆتۆمبیلی ناوبراو بدۆزرێتەوە و لەهەمان کاتدا تۆمەتبار (ا، ع) تەمەنی لەسەرووی ١٨ ساڵە و لە ڕەگەزی نێر دەستگیرکرا".

 

ڕاشیگەیاند" لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دانینا بە تاوانەکەی و لە ئێستادا بەپێی ماددەی ٤٤٦ لە ی.س.ع ڕاگیراوە. لێکۆڵینەوە لەڕوداوەکە بەردەوامە".



PM:07:17:01/01/2020