ڤیدیۆ.. بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ئاماری‌ ڕوداووەکانی‌ ساڵی‌ ٢٠١٩ی ئاشکراکرد


ئەمرۆ چوارشەممە بەڕێوەبەری‌ بەشی‌ ڕاگەیاندن‌ و پەیوەندییەکانی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ئاماری‌ ڕوداوەکانی‌ ساڵی‌ ٢٠١٩ی‌ خستەڕوو.

نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" بەبەراورد بەساڵی‌ ٢٠١٨ ڕێژەی‌ تاوانەکان کەمیکردووە، بۆ نمونە تاوانی‌ کوشتنی‌ بەئەنقەست لەساڵی‌ ٢٠١٨دا ٦٨ حاڵەت تۆمارکراوە، بەڵام لەساڵی‌ ٢٠١٩دا رێژەکەی‌ کەمبۆتەوە بۆ ٥٦ حاڵەت. هەروەها لەساڵی‌ ٢٠١٨دا ٦٦ حاڵەتی‌ خۆکوشتن تۆمارکراوە، لەساڵی‌ ٢٠١٩دا ڕێژەکەی‌ کەمبۆتەوە بۆ ٥٥ حاڵەت".

وتیشی‌"  لەرێکەوتی‌ ٢٠١٩/١/١ تا ٢٠١٩/١٢/٣١، ٩ هەزارو ٦٤٨ تۆمەتبار لەلایەن هێزەکانی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانییەوە دەستگیرکراون‌و دراونەتە دادگاکان، لەو ژمارەیە ١١٠٥تۆمەتباریان لەسەر تاوانی‌ دزیکردن دەستگیرکراون".

ڕاشیگەیاند"  بەپێی‌ ئامارەکان دیاردەی‌ فێڵکردن‌و دەستبڕینی‌ هاوڵاتیان زیادیکردووە، بەتایبەتی‌ لەپێشانگاکانی‌ کڕین‌و فرۆشتنی‌ ئوتومبیل کە ئوتومبیل بەقیست دەفرۆشن بەهاوڵاتیان، بەهۆی‌ نەدانی‌ قیستەکانەوە ناچار پێشانگاکانی‌ ئوتومبیل سکاڵا تۆمار دەکەن".





PM:11:18:08/01/2020