سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پاپا فرەنسیس كۆبووەوە


ئەمڕۆ چوارشەممە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڤاتیكان لەگەڵ پاپا فرەنسیس پاپای ڤاتیكان كۆبووەوە.

بەپێی زانیارییەکان، لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی ئێستای عێراق و ناوچەكە و رەوشی بەیەکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و بارودۆخی كریستیانەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانیان تاوتوێ كرد.

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سوپاسی پاپای ڤاتیكانی كرد، لە بەرامبەر پەیام و ئامۆژگارییەكانی بۆ قووڵكردنەوەی گیانی ئاشتیخوازی و لێبووردن وبەیەكەوەژیان لە نێوان گەلان و پێكهاتە جیاوازەكانی جیهان و عێراق و ناوچەكە.

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پوختەیەكی دەربارەی دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان، بە تایبەت لەێووی بەیەكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی، كە هەمووان بە ئارامی و تەبایی دەژین و مومارەسەی مافە مرۆیی و ئایینی و كولتوورییەكانیان دەكەن، ئەمەش بەلای حكوومەتی هەرێم، هەمیشە جێگەی بایەخ بووە. هەروەك پەناگەیەكی ئارامیش بووە بۆ سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەر، كە بەهۆی توندوتیژی و بارودۆخی ناوچە جیاوازەكانی عێراق و سووریا روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی قەداسەتی پاپاشی کرد بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات. 

قەداسەتی پاپای ڤاتیكان ستایشی رۆڵی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كرد، لەو كەشە ئارامەی بۆ تەواوی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەیییەكان رەخساندوویانە و شوێنی ئەو ئەو هەموو ئاوارە و پەنابەرەیان كردۆتەوە و خزمەتگوزاریی پێویستیان بۆ دەستەبەركردوون.

پاپای ڤاتیكان، سوپاسی هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی کوردستانی كرد، كە هەمیشە بە تەنگ پێكەوەژیان و ئاشتی و تەباییەوەیەوە بووە، لە رووبەڕووبوونەوەی گوتاری توندڕۆیی و شەڕی تیرۆریش لە عێراق و ناوچەكەدا، كاریگەرییەكی زۆری هەبووە و بۆ مرۆڤایەتی و ئازادی پێكهاتەكان  و پارێزگاریكردن لە ماف و كەرامەتیان، قوربانی زۆری داوە.

لەو دیدارەدا، ئاماژە بەرەوشی مەسیحییەكانی هەرێمی كوردستان كرا، كە جێگە و پێگەیان لە هەموو رووێكەوە پارێزراوە. ئەوەش خرایەڕوو، هەرێمی كوردستان نەك تەنها بۆ مەسیحییەكانی كوردستان، بەڵكو بۆ مەسیحییەكانی تەواوی عێراق، هەرێمێكی ئارام بووە وبە ئاسوودەیی دەژین و نموونەیەكی جوانی بەیەکەوەژیانە.

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە یاوەری سەرۆکی حکومەت بوون بریتی بوون لە دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ، پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی ، ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، خاليد شوانی وەزیری هەرێم.

PM:12:46:19/02/2020