لیژنەكانی سلێمانی بەدواداچوون بۆ نرخی دەمامك دەكەن

لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی و چاودێری بازرگانی سلێمانی بەدواداچوون بۆ نرخی دەمامك لەبازاڕەكانی سلێمانی دەكەن و ڕێگری دەكەن لەهەر گرانفرۆشییەك، دەشڵێت" ئەگەر شوێنێك نرخ گران بكات لێپێچێنەوەی یاسایی لەگەڵدا دەكەن".

سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەیەكی دەست (سپی) كەوتووە ڕاگەیاندووە" لە میدیاكانەوە زۆر تەركیز كراوەتە سەر زیادبوونی فرۆشتنی دەمامك، بۆیە لەگەڵ لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەدواداچوون دەكەن، ئەگەر شوێنێك نرخ گران بكات لێپێچێنەوەی یاسایی لەگەڵدا دەكەن".

ڕاشیگەیاندووە" بەهیچ شێوەیەك دەمامك ناشاردرێتەوە، چونكە دوكاندارەكان بۆ فرۆشتنیان هێناوە، لیژنەكانیش دەچنە كۆگای دوكانەكانەوە ئەگەر بیشارنەوە، بێگومان لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكەن".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد" ناهێڵن گرانفرۆشی دروست بێت، هەر هاووڵاتییەكیش سكاڵایەكی هەیە و دەزانێت گرانفرۆشی دروست بووە یان دەمامك شاردراوەتەوە، با لیژنەكان ئاگادار بكاتەوە".

ئەمە لەكاتێكدایە، ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەبەشێك لە وڵاتانی جیهان بڵاوبۆتەوە و وڵاتی ئێران، كە نزیكترینە لەهەرێمی كوردستان، لە ئێستادا ئەو ڤایروسەی تێدابڵاوبۆتەوە و هاووڵاتیانی هەرێمیش بۆ خۆپارێزی لەو ڤایرۆسە دەمامك دەكڕن.



PM:06:33:22/02/2020