هەدەپە داوای دیداری ئۆجالان دەكات

بە هۆی رووداوێكی ئاگركەوتنەوە لە دورگەی ئیمرالی، پارتی دیموكراتی گەلان داوای ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ عەبدولا ئۆجالان رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان دەكات.

 

میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە" ئەمڕۆ ئاگرێك لە دوورگەی ئیمراڵی كەوتووەتەوە كە دەكەوێتە باشووری دەریای مەڕمەڕە، ئەو دوورگەیەیەی كە عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ی تێدا زیندانیكراوە".

 

هاوكات، عائیشە باجار باشاران پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە بارەگای سەرەكی هەدەپە لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا، سەرنجی خستە سەر هەستیاری گەلی كورد بەرامبەر بە دۆخی تەندروستی ئۆجالان و داوایكرد كە دەستبەجێ ڕێگە بدرێت بە شاندێكی هەدەپە سەردانی ئیمراڵی بكات بۆ دڵنیا بوون لە تەندروستی ئۆجالان.

 

جەختیشیكردەوە: كە تاكە رێگەی دڵنیابوونەوە لە باشیی تەندروستی ئۆجالان ئەوەیە رێگە بە وەفدێكی هەدەپە یاخود كەسوكار و پارێزەرانی ئۆجالان سەردانی ئیمرالی بكەن.



PM:10:46:27/02/2020