سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ: حکومەت کەمتەرخەمە

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کۆرۆناو ئەو پشکنینانەی وەزارەتی تەندروستی ئەنجامی دەدات، دەڵێت" لە کوردستان ژمارەی پشکنینەکان لە ئاستی پێویستدا نییە و حکومەت لەم لایەنەوە کەمتەرخەمە".


د. کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیوویەتی " لە کوردستان ژمارەی پشکنینەکان لە ئاستی پێویستدا نییە و حکومەت لەم لایەنەوە کەمتەرخەمە، بەم شێوەیەی ئێستا بەداخەوە زۆرێک لە توشبوان لەناو خەلکدا بە نەناسراوی دەمیننەوە و خوانەخواستە ئەگەر هەیە خەلکی زیاتر تووشببن".

 
د. کازم کە خۆشی پسپۆریەکەی پزیشکە دەڵێت " ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا لە ھەرێمی کوردستان پشکنینیان بۆکراوە (بەپێی بەیاننامەکانی وەزارەتی تەندروستی) ٢٤٧٧ کەسە، واتە بە تێکڕایی ١٢٠ پشکنین لە رۆژێکدا.بەڵام بۆ نمونە لە وڵاتێکی وەکو کۆریای باشور رۆژانە بە تێکڕایی پشکنین بۆ ١٠ ھەزار ھاوڵاتی دەکرێت. ئەگەر ڕێژەی چڕی دانیشتوان بە هەند وەربگرین، کەواتە لە وڵاتێکی وەکو کۆریای باشور رۆژانە (١٠) ھێندەی کوردستان پشکنین بۆ ھاوڵاتیان دەکرێت ئەمەش وایکردووە ئاسانتر توشبوان بدۆزرێنەوە و جیابکرێنەوە و چارەسەربکرێن".

 
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ چارەسەر دەخاتەڕروو و دەڵێت " پێویستە حکومەت ھەر لە سبەینێوە دەستبەجێ ھەر پارێزگایەک دابەش بکات بە چەند زۆنێکەوە و چەندین تیمی تەندروستی گەڕۆک دروست بکات بۆ پشکنینی ھاوڵاتیان لە سەرجەم شارو شارۆچکە و قەزا و ناحیەکان و ژمارەی پشکنینەکانی کۆرۆنا لە رۆژێکدا زیادبکات بۆ ئاستێکی کاریگەرتر، هەروەها سوود لە توانای تاقیگە ئەهلییەکانیش وەربگرێت لەژێر چاودێری فەرمانگە تەندروستییەکاندا ئەوانیش پشکنین بۆ هاوڵاتییان ئەنجام بدەن، چونکە پشکنین تاکە رێگەیە بۆ ناسینەوەی توشبوان و جیاکردنەوەیان (عزل کردنیان) و رێگەگرتن لە توشبونی خەڵکی زیاتر."

 
ئەوە لەکاتێکدایە کە بڵاوبوونەوەی تووشبوانی کۆرۆنا لە هەرێم بەتایبەتی لە سلێمانی لە هەڵکشاندایە.

 


PM:04:53:22/03/2020