پسپۆرێک بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری قەدەغەکردنی هاتوچۆ لەسەر دۆخی کەمدەرامەتەکان پێشنیارێکی هەیە

پسپۆرێکی تەندروستی پلانێکی تەندروستی نوێی هەیە بۆ سووککردنی قەدەغەکردنی هاتوچۆ لەسەر ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستان کەم دەرامەتن و ژیانیان لەسەر کاری رۆژانە دەڕوات بەڕێوە.

 
 د. گۆران عەبدوڵا پزیشکی پسپۆری هەناو لە بەریتانیاو، دکتۆرا لە سیستمی تەندروستی نێودەوڵەتی لە لێدوانکیدا بۆ ماڵپەڕی " سپی " پێشنیاری ئەوە دەکات کە لە هەرێم با زۆرترین پشکنین لەڕێی خوێنەوە ئەنجامبدرێ و، دەڵێت" ئەم جۆرە پشکنینە سوودی ئەوەی هەیە کە بەرگری (مناعە)ی لەش بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا دەردەخات، سودێکی گەورەی ئەم پشکنینە ئەوەیە کە پێمان ئەڵێ کێ بەرگری دروستکردووە بۆ ڤایرۆسەکە و، کێ نیەتی. ئەوانەی کە بەرگریان هەیە و هیچ نیشانەیەکی نەخۆشیەکەیان نییە دەکرێ بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان".

 
ئەو پسۆرە دەڵێت " بۆ تێپەڕاندنی کێشەکانی قەدەغەی هاتوچۆ و دروستنەکردنی مەترسی لەسەر ژیان و بژێوی هاوڵاتیان بەهۆی کۆرۆناوە، ئەم پێشنیارە چارەسەرێکی گونجاوەو، هیوادارم بەرپرسانی تەندروستی و ئەمنی لەپێشچاویبگرن."


د. گۆران عەبدوڵا روونکردنەوەی زیاتر دەدات و دەڵێت "لە حاڵی حازردا دوو جۆر پشكنین هەیە. یەکێکیان پشكنینی (پی سی ئار)ە و لە قورگ و لوتی نەخۆشەوە نموونە وەردەگیرێ. ئەم پشکنینە خۆشبەختانە لە کوردستان دەکرێ، بەڵام کێشەکەی ئەوەیە گرانە و ناکرێ بۆ هەموو کەس بکرێ. جۆرێکی تری پشکنین هەیە کە لەڕێی خوێنەوە ئەنجامدەدرێ. ئەم جۆرەیان بەرگری (مناعە)ی لەش بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرئەخا. سودێکی گەورەی ئەم پشکنینە ئەوەیە کە پێمان دەڵێ کێ بەرگری دروستکردووە بۆ ڤایرۆسەکە و کێ نیەتی. ئەوانەی کە بەرگریان هەیە و هیچ نیشانەیەکی نەخۆشیەکەیان نییە دەکرێ بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی".

 
ئەو پسپۆرە ئاشکرای دەکات  لە هەندێ وڵات لە ئێستادا کار لەسەر ئەوە دەکرێ پشکنینی خوێن بە شێوەیەکی فراوان ئەنجامبدرێ. ئەکرێ لە کوردستانیش ئەم جۆرە پشکنینە بکرێ بە تایبەتی بۆ ئەو توێژ و کەس و گروپانەی کە زۆر پێویستە بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی. بۆ نموونە دەکرێ پشکنینەکە بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و پۆلیس و ئاسایش و کاسبکاران و دوکاندارەکان...هتد ئەنجامبدرێ.

 
د. گۆران عەبدوڵا داوا لە وەزارەتی تەندروستی و حکومەت بە گشتی دەکات کە بۆ سووککردنی سەرشانی هاوڵاتیانی کەمدەرامەتی کوردستان بیر لەم بژاردەیەو جۆرە پشکنینە بکرێتەوە.

 

 


PM:03:15:01/04/2020