لە سنورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و تورکیا، کۆڵبەرێک بەتەقەی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کوژرا و یەکێکی دیکەش برینداربوو.
ماڵپەڕى هەنگاو بۆ مافى مرۆڤ بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە هێزەکانی تورکیا لە گوندی بلجوک سەر بە کۆتۆل لە پارێزگای ئورمیە، تەقەیان لە چەند کۆڵبەرێکی کورد کردوە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی کورد کوژراوە و یەک کەسی دیکەش بریندار بوو.
هاوکات هەنگاو ئاشکراشیکردووە: ناسنامەی ئەو کۆڵبەرەی کە گیانی لەدەستداوە بارام یووسفی و هەروەها ئەو کەسەی کە بریندار بووە شەمسەدین عومەرپوور بووە.
بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکانی ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ٨ مانگی ڕابردوودا ٢ کۆڵبەری کورد لەلایەن هێزە چەکدارەکانی تورکیاوە کوژراون و هەروەها ٤ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.