تەندروستی هەڵەبجە لەبارەی مانگرتنی پزیشکان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجە ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە مانگرتنی ھەندێک لە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند" بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجە لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکاندایە، بۆئەوەی ھاوڵاتیان نەبنە قوربانی ململانێ کەسیەکان و داواکارییە کەسییەکان".

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی پارێزگای هەڵەبجە لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت" لەبارەی داوکاری بەشێک لە پزیشکان بۆ گواستنەوەی راژەکانیان بۆ سلێمانی، ئەوان لە کاتێکدا سوپاسی ئەو پزیشکانە دەکەن کە ماوەی یاسایی خۆیان لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی هەڵەبجەدا تەواوکردوە، بەڵام بەهۆکاری نەبونی میلاکی پێویست داواکارییەکەیان تا ئێستا پەسەند نەکراوە".

 

دەقی ڕاگەیەندراوکە:

 

ڕوونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجەوە 
سەبارەت بە مانگرتنی ھەندێک لە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی 
سەبارەت بە بەیاننامەی پزیشکانی مانگرتوو لە ھەڵەبجە کە بڵاویان کردوەتەوە ، کە تێیدا ئاماژە دەکەن بە ڕاستی گرفتەکانی نێوانیان بە واتای ئەوەی کە لە پێشدا گرفتەکانیان بە ڕاستی نەخستوەتە ڕوو ، بە پێویستمان زانی ئەم ڕوونکردەوەیە سەبارەت بە بەیاننامەکەی بەڕێزیان بخەینەڕوو بۆ ڕای گشتی

هاوشاریانی خۆشەویست
سەبارەت بە خاڵی یەکەم کە تێیدا داوای گەڕاندنەوەی پزیشکان و گواستنەوەیان بۆ سلێمانی بە ھۆکارێکی لاوەكی لە قەڵەم دەدەن ، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم بابەتە سەرچاوە دەگرێت لە وەی کە زیاد لە (٢٥) بیست وپێنج پزیشکیان بە نوسراو ھەوڵی گواستنەوەیان داوە بۆ سلێمانی، لە کاتێکدا ئێمە لەگەڵ داواكاریەكانیانداین و
کە ھەندێکیان ماوەی یاسایی خۆیان تەواو کردوە و پێویست ئەکات بگەڕێنەوە بەڵام لەبەر کەمی میلاک و زیاد کردنی خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان لە شارەکەو کردنەوەی ھەندێک نەخۆشخانەی نوێ و ھەندێک بەش و پسپۆڕی نوێ لە ھەڵەبجە بە نمونە نەخۆشخانەی بەرکەوتوانی چەکی کیمیاوی ، پێویست ئەکات بەڕێوەبەرایەتی بە ئەرکی زانستی و پزیشکی و ھەست کردن بە لێپرسراوەتی خۆی ھەستێت بۆ ئەوەی کە زیاترین خزمەت بە ھاوڵاتیان بکات ،بۆیە ئەو پزیشکانەی نەگەڕاندوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ، وە بە نوسراو لە بەشی کاروباری ھونەری تۆمار کراوە کە زیاد لە (٢٥) بیست و پێنج پزیشک داوای گەڕاندنەوەی کردوە كە تەنها (٧)پزیشك گواستراوەتەوە بە بوونی پزیشكی جێگرەوە ، لە ئەگەری پەسەند کردنی داواکارییەکەیان دەبێتە کێشەیەکی گەورە لە پێشکەش کردنی خزمەت گوزارییە تەندروستیەکان، بۆیە داوەکەیان پەسەند نەکراوە ھەتا ھاتنی پزیشکی جێگرەوە بەڵام لە بەر ئەوەی پزیشکی جێگرەوە کەم بووە نەتوانراوە بنێردرێت بۆ ھەڵەبجە .

سەبارەت بە خاڵی دووەم ، بە پێی ئەو یاداشت نامەیەی بەڕێزیان کە پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجەیان کردوە تیایدا داوای کەم کردنەوەی دەوام و تەنانەت کەم کردنەوەی ڕۆژەکانی دەوام دەکەن بە نمونە لە نەخۆشخانەی بەرکەوتوانی چەکی کیمیاوی بە دیاری کراوی پزیشکانی ھەناوی ، لە بەر ئەوەی ئەو نەخۆشخانەیە ماوەی (١٠) دە ساڵ بوو بە ڕووی بەرکەوتواندا نەکرابووە وە بووبووە پەڵەیەکی ڕەش بە نێوچەوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجەوە ، بۆیە بەڕێوەبەرایەتی و سەرجەم سێکتەرەکانی بە ھاوکاری بەڕێز وەزیری تەندروستی پێشوو وە ھەروەھا بەرێز وەزیری تەندروستی ئێستا لە ھەوڵی تەواوەتی دان بۆ وەگەڕ خستنی ئەو نەخۆشخانەیە و کردنەوەی بە ڕووی خزمەتی ھاوڵاتیاندا بە تایبەتی چینی بەرکەوتوانی چەکی کیمیاوی، بۆیە بەپێی ئەو یاداشتەی بەڕێزیان پێشکەشی کردووین بە ئاشکرا داوای کەم کردنەوەی دەوام و کەم کردنەوەی خزمەتگوزارییە پزیشکیەکانیان کردووە ، بەدەر لەوەی لە نەخۆشخانەو کۆمەڵگە پزیشکیە ئەھلیەکانی دەرەوەدا ھەمان خزمەتگوزاریی(بە نموونە سەنتەری هەناسە) لە لایەن ھەمان پزیشکانی ھەناوییەوە پێشکەش دەکرێت وە داوای کەم کردنەوەو نەھێشتنی ئەو خزمەت گوزارییە تەندروستیانە دەکەن لە نەخۆشخانەکەدا بۆیە دووبارە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیەوە ئەو پێشنیارانەیان ڕەت کراوەتەوە.

سەبارەت بە خاڵی سێیەم ، سەبارەت بە دەست خستنە بڕیارە زانستییەکان کەوا نیشان دەدەن بە زیانی خەڵک و بەھەدەردانی سامانی نیشتیمانی شکابێتەوە ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجە ڕای دەگەیەنین کە ھیچ جۆرە پێشنیازێک یاخود پڕۆژەیەک بۆ زیاد کردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان نە پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتی و نە ھیچ نەخۆشخانەیەک لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی نەکراوە ، بۆیە لەبەر نەبوونی ھیچ پڕۆژەیەک ھەندێک جار لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیەوە بڕیاری گرنگ و چارەنوس ساز بۆ زیاد کردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دراوە وە ئێمە لە گەڵ پزیشکانداین کە ھەندێک جار بۆتە ھۆی زیاد کردنی دەوامیان ، بۆ ڕای گشتی ڕای دەگەیەنین و پزیشکانی ھەناوی لە ئێستادا تەنھا (٨) ھەشت ڕۆژ جارێک خەفارەتی ھۆڵەکانی فریاکەوتنی فێرکاری ھەڵەبجە دەگرن،وە ئەمەش بۆ ئێستا بە بەراورد بە ئیدارە سەربەخۆکان و بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکانی شارەكانی دی دەوامێکی کەمە، ئێمە لە بەر نەبوونی پزیشکی پسپۆڕ نەمان توانیوە نەخۆشخانەیەک بە تێچووی دوو بۆ سێ ملیار دیناری وەک نەخۆشخانەی بیارە بەڕووی خزمەت لە دەڤەرەکەدا بکەینەوە 
ناچار کردنی پزیشکان بۆ کردنی نەشتەرگەری دورە لە ڕاستییەوە بگرە زۆرینەی پزیشکان ھەست بە لێپرسراویەتی دەکەن و ھەستاون بە کاری پزیشکی و پیشەی خۆیان بە ڕەچاو کردنی باری گرانی ئابوری ھاوڵاتیان و ھاوشاریانی خۆشەویست نەیان ویستووە ببنە ئەرک بۆ سەر شانی ھاوشاریان و زیاتر ئەرکی سەرشانیان قورس بکەن ، بۆیە کارکردنی ئەو پزیشکانە سەرچاوە دەگرێت لە ھەست کردن بە لێپرسراوەتی ، وە تەنانەت لە هەندێك دەزگا تەندرووستیەكاندا بە بۆنەی ھاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزەوە تێچوی بینینی نەخۆشیان کردووە بە بێ بەرامبەر ئەمەش بوەتە ھۆی ئەوەی ھەندێک سێکتەر و کلینیک و کۆمەڵگە پزیشکیەکان وەکو پێشوو سەردان کەریان نەبێت ، بۆیە ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی سوپاسی ئەو پزیشکانە دەکەین کە کاریان کردوە و مانیان نەگرتوە بە ئەرکی پزیشکی و پیشەیانەی خۆیان ھەستاون بۆ ئەرک نەخستنە سەر شانی ھاوڵاتیان.

سەبارەت بە خاڵی چوارەم، سزادانی کارمەندان لەسەر کۆمێنت و پۆستی فەیس بووک ، ئەم خاڵە جێی ئەوەیە لەسەری بوەستین چونکە ھیچ کات سۆشیاڵ میدیاو و پەڕەکانی فەیس بووک نەبونەتە ھۆکاری سزادانی کارمەند و پزیشکان بگرە ھەندێک لەو کارمەندانە بە نوسراوی فەرمی ئاگادار کراونەتەوە لە گرفتە ئیداری و زانستیەکان، وەک لە نەبوونی پەراوی دەرمان و گۆڕینی ناونیشانیان کە ھەندێکیان داوایان کردووە بەنمونە یاریدەدەری پزیشک ببێتە وێنەگری تیشک کە لە کاتێکدا بە پێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی ناگونجێت یاریدەدەری پزیشک بێتە وێنەگری تیشک ، کە ئەمەش دەبێتە ھۆی کەم کردنەوەی دەوام و زیاد کردنی دەرماڵە بۆیان ، بۆیە بەڕێوەبەرایەتی داوای لە وەزارەتی تەندروستی کردووە بۆ ئەوەی بە میکانیزمێکی زانستیانە ناونیشانی ئەو کارمەندە بەڕێزانە بگۆڕێت، وە لە ئەگەری زیاد دوپات کردنەوەی ئەو خاڵە ناچار دەبین لێپێچینەوە ئیدارییەکان بە نوسراو بخەینە بەردەم ڕای گشتی.

سەبارەت بە خاڵی پێنجەم، ناچار کردنی پزیشکانی دەرمانساز بە پێدانی سەرانەو ھاوپشک کردنی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەڵەبجە ئێمە ئەو خاڵە وەک تۆمەت و بوختان بە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دەبینین داواکارین لە پزیشکانی دەرمانساز لە گەڵ ھەبوونی ھەر بەڵگەیەک و ھەر کارێکی لەو جۆرە ڕێگەی دادگا بگرنەبەر و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بەڕێوەبەری گشتی بگرنەبەر بۆ ئەوەی ئەمەش بۆ ڕای گشتی ڕونبێتەوە.

بۆیە ڕای دەگەیەنین وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجە لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانداین بۆ ئەوەی ھاوڵاتیان نەبنە قوربانی مل ملانێ کەسیەکان وە داواکارییە کەسیەکان ،کە بۆ خۆی مانگرتن بەسود و قازانجی کلینیک و دامەزراوە تەندروستیە ئەھلیەکان دەشکێتەوە و زەرەرمەندی سەرەکی ھاوڵاتیانی بەش مەینەتی ھەڵەبجە و دەوروبەریەتی.

بۆیە لێرەوە دەرگای گفتوگۆ بەڕوی سەرجەم پزیشکان و کارمەندانی تەندروستیدا بە ئاقاری چارەسەری گرفتەکان دەکەینەوە وە داوایان لێدەکەین بە گیانێكی پێشمەرگە ئاسا وەك چۆن لە رووبەروبوونەوەی كۆرۆنادا و بێ مووچەیی كاریان كردووە بە هەمان شێوە بۆ خزمەتی هاوشاریانمان كار بكەن

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجە 
٢٣-٥-٢٠٢٠



PM:01:01:23/05/2020