پارتی: ئەم نەفەسەی ئێستا یەکێتی کاری پێدەکات دژو ناکۆکە لەگەڵ پەیامی مام جەلال

دەزگای رۆشبیری و راگەیاندنی پارتی وەڵامی یەکێتی دەداتەوەو دەڵێت" - ئەگەر ئەم سیاسەتەی ئێستای یەکێتی، کە لە ڕاگەیاندراوەکەیاندا ناوی بە نەفەس و ئاراستەی نوێ ھاتووە، بریتی بێت لە سیاسەتی ئێستای ھەموو یەکێتی، کە ئەمەیان بۆ خۆی جێی ھەڵوەستە و پرسیارە !.. ئەوا دەبێ پرسیار بکەین: ئەم سیاسەتە کوردستان بەرەو کوێوە دەبات و ئەی ئاییندەی یەکێتی بەرەو کوێ ؟! .. ڕێک و ڕەوان دەمانەوێت بڵێین، ئەم نەفەس و ئاراستە سیاسییە نوێیە، دژ و ناکۆکە بە ڕوانگا و پەیام و دوا وەسیەتەکانی جەنابی مام جەلال و تێکۆشەرەکانی دەوری مام جەلال".


دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی وەڵامی راگەیاندنی یەکێتی دەداتەوەو دەڵێت" ئەم ساستەی ئێستا یەکێتی پیادەی دەکات ناکۆک و دژی سیاسەتی مام جەلالەو، سیاسەتێکە نەک ھەر لەگەڵ دەرەوەی یەکێتی ناتوانێت تەبا بێت و بسازێت، بگرە نێوخۆی یەکێتیش بنکۆڵ دەکات و دوور یا نزیک بناغەکانی خۆیشی ھەڵدەتەکێنێتەوە".


هەروەها دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دەڵێت " - زمانی زبر و ھەڕەشە و گرژی و ناکۆکی، زیان بە خاوەنەکەی دەگەیەنێت بەر لە ئەوانیتر، بۆیە دەخوازین بە تەباییەوە، بە نەفەسی چارەسەری کێشەکان و خزمەتکردنی ھاوڵاتییان، ڕوو لە بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان بکرێت و ئیتر کۆتایی بەم دڕدۆنگییە سیاسییە میدییاییە بێت و ڕۆژانی بەر لە جەژن بکەینە ڕۆژانی تەبایی و چارەسەری کێشەکان".

 
دەقی راگەیاندنەکەی دەزگای راگەیاندنی پارتی..



دەزگای ڕۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی بەم پێنج خاڵەی خوارەوە وەڵامی ڕاگەیاندراوەكەی یەکێتی داوەتەوە:




- ئەگەر ئەم سیاسەتەی ئێستای یەکێتی، کە لە ڕاگەیاندراوەکەیاندا ناوی بە نەفەس و ئاراستەی نوێ ھاتووە، بریتی بێت لە سیاسەتی ئێستای ھەموو یەکێتی، کە ئەمەیان بۆ خۆی جێی ھەڵوەستە و پرسیارە !.. ئەوا دەبێ پرسیار بکەین: ئەم سیاسەتە کوردستان بەرەو کوێوە دەبات و ئەی ئاییندەی یەکێتی بەرەو کوێ ؟! .. ڕێک و ڕەوان دەمانەوێت بڵێین، ئەم نەفەس و ئاراستە سیاسییە نوێیە، دژ و ناکۆکە بە ڕوانگا و پەیام و دوا وەسیەتەکانی جەنابی مام جەلال و تێکۆشەرەکانی دەوری مام جەلال، سیاسەتێکە نەک ھەر لەگەڵ دەرەوەی یەکێتی ناتوانێت تەبا بێت و بسازێت، بگرە نێوخۆی یەکێتیش بنکۆڵ دەکات و دوور یا نزیک بناغەکانی خۆیشی ھەڵدەتەکێنێتەوە!..




- ئەوانەی ڕاگەیاندراوەکەیان داڕشتووە، پێدەچێت زۆر شارەزای مێژوو و پارتی دیموکراتی کوردستان نەبن، جارێ پارتی دیموکراتی کوردستان پارتێکی سەرانسەریی کوردستانی کۆکەرەوەی نیشتیمانییە و ئارمانجی کۆکردنەوەی ھەموو ھێز و شیان و تواناکانە لە پێناو ئازادیدا و، لە کوێ پیلانی دوژمنان ھەبووبێت، پارتی لەبەرامبەریدا، پێشمەرگانە لە سەنگەردا وەستاوە و مێژوویش شاھێدە و تەنانەت شەھیدەکانی ئەم دواییەی پردێ و سحێلایش ئەم ڕاستییە ڕۆشنتر دەکەنەوە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان واتە پڕۆژەی وەستانەوە بەڕووی پیلاندا !..




- ئیشکالیەتێکی تری نێو ڕاگەیاندراوە ئینفیعالییەکەی یەکێتی ئەوەیە، کە دوو چەمکی جیاوازی وەک : (ململانێی سیاسی) و (دوژمنایەتی) لێ تێکەڵ بووە، جا نازانین ئەم تێکەڵکردنە، لە بێئاگایی بووە، یان لە بە ئاگایی !!.. گرنگ دەبێ داڕێژەرانی ڕاگەیاندراوەکە ئەو ڕاستییە بزانن، کە ململانێی سیاسی بەشێکە لە پرۆسەی سیاسی و پارتی دیموکراتی کوردستان نەک ھەر قەناعەتی قووڵ و نەگۆڕی بە ململانێی سیاسی ھەیە، بەڵکو لە زۆر وێستگەی مێژووییدا دەستپێشخەر و بگرە لە پێناویدا قوربانیشی بەخشیوە.




- ململانێی سیاسی نەک ھەر ڕەوایە، بگرە ژیانی سیاسی ڕەنگدار دەکات و جۆرێک لە زەنگینیی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کلتووری و ئابوورییش لەگەڵ خۆیدا بۆ کۆمەڵگاکان دەھێنێت، بەڵام مەرج نییە ئەوانەی ململانێی سیاسی دەکەن ھەمیشە براوە بن، ئەوانەی دێنە نێو ململانێ سیاسییەوە، دەبێ پشوودرێژ و مەدەنیانە قۆڵی لێ ھەڵبکەن و لەھەر دۆڕانێکا قینچکەتەنگ شتێک نەشکێنن و بەشورەییەوە داخلی مێژوو نەبن !.. سەبارەت پیلان و ھەڕەشەیش، دووجار سنوور و جارێک بەغدا شاھێدن، کە پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڕەشە شکێنە !..




- زمانی زبر و ھەڕەشە و گرژی و ناکۆکی، زیان بە خاوەنەکەی دەگەیەنێت بەر لە ئەوانیتر، بۆیە دەخوازین بە تەباییەوە، بە نەفەسی چارەسەری کێشەکان و خزمەتکردنی ھاوڵاتییان، ڕوو لە بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان بکرێت و ئیتر کۆتایی بەم دڕدۆنگییە سیاسییە میدییاییە بێت و ڕۆژانی بەر لە جەژن بکەینە ڕۆژانی تەبایی و چارەسەری کێشەکان.

 


PM:09:14:24/07/2020