جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داواى رێککەوتن لە هەرێم و بەغدا دەکات

د.بەشیر حەداد داوا لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات پەلە بکەن لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوانیان و لەسەر مێزی دانوستان و بەپێی دەستوور کێشکانیان چارەسەر بکەن.

 

بەپێی بەیاننامەیەکی نوسینگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنج شەممە دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوای لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد پەلە بکەن لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان و، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیشیان بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی دانوستاندن و کێشەکان لە چوار چێوەی دەستووردا چارەسەر بکەن.

 

داواکارییەکەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا، دوو بەیاننامە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە سەبارەت بە پابەندییە دەستوورییەکانی هەردوولا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بڵاوکرانەوە.

 

لەبەیانەکەدا بەشیر حەداد، داوا لە هەردوولا دەکات بەردەوامی بدەن بە کۆبوونەوەکانیان و تەواوکردنی ئەو رێککەوتنامەیەی کە لە نێوان هەردوولادا کرابوو بەپێی دەستوور و یاسا بۆ چارەسەرکردنی کۆی بابەتەکان و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا.

 

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاشیگەیاندووە" کە زەرەرمەندی سەرەکی لە دواکەوتنی کۆبوونەوەکان  و نەگەیشتن بە رێککەوتن، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانن". 

 

حەداد ئاماژەش بەوەدەکات: لەسەر حکومەتی فیدراڵی پێویستە پابەندبێت بە دابینکردنی شایستەداراییەکان و موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان وەکو چۆن بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق دابینی دەکات و لەبەرامبەریشدا پێویستە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بێت بە باپەندییە دەستوورییەکان و لەو چوارچێوەیەدا هەردوولا بگەنە رێکەوتنێکی هاوبەش بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان بەغدا و هەولێر.

 
 
 

 

 
 


PM:02:58:13/08/2020