" مووچەی سێ مانگی پێشوو بە پاشەکەوت هەژمار دەکرێت "

هەرێم دەیەوێت مووچەی مووچەخۆرانی خۆی لەگەڵ بەغدا رێکبکاتەوەو، لەو رووشەوە بڕیار دەدات مووچەی سێ مانگی ئەمسال کە ساڵی پار نەدراوە وەک پاشەکەوت هەژمار بکرێت، ئەوە لە کاتێکدایە کە حکومەتی هەرێم تا ئێستا کە هەشت مانگ تێپەڕیووەو تەنها سێ مووچەی دابەشکردووە.

 
میدیاکانی نزیک پارتی لەزاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی ھەرێمی كوردستان بڵاویان کردۆتەوە  "دوای رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق، پێویستە مووچەی سێ مانگی 2018 بە پاشەکەوت هەژمار بکرێت و مووچەی ھەر مانگێک بۆ ئەو مانگە ناوزەد بکرێت".


سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكرد، بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق کراوە، لە ھەرێمی کوردستان دەبێت پاکانەی حیسابات بکرێت و مانگانە مووچەی ھەرێم لەگەڵ مووچەی بەغدا رێک بخرێت و بەو جۆرە ئەو سێ مانگەی ساڵی 2018 کە لەلایەن کابینەی پێشووەوە مووچە نەدراوە، بە پاشەکەوت هەژمار دەکرێت.

 
ئەوە لە کاتێکدایە کە حکومەتی هەرێم ئەگەر ئەو سێ مانگەش پاشەکەوت بکات و سێ مانگیش کە دووی بە بەڕینەوە مووچە دابەش بکات، هێشتا چارەنووسی دوو مانگی تری نا دیارە.

 


PM:01:35:18/08/2020