ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. کۆڵبەرێک دوای بریندارکردنی دەستگیردەکرێت و دەکوژرێت

کۆڵبەرێک لە سنوورەکانی شاری شنۆ دوای دەستگیرکردنی بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنیەکانی ئێران کوژراوە و دوو کۆڵبەریش لە سنوورەکانی بانە و نەوسوود بریندار کراون.

بەپێی هەواڵی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی شەممە ١٢ی ئەیلول هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنوورەکانی شاری شنۆ تەقەیان لە کۆڵبەرێک بە ناوی سەلاحەدین عیسازادە، کردووە و بە سەختی برینداریان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەچەکدارەکان دوای بریندار کردنی ئەو کۆڵبەرە، دەستبەسەریان کردووە و ئەشکەنجەیان داوە و لە کۆتاییدا بە تەقەی راستەوخۆ کوشتوویانە.

سەلاحەدین عیسازادە تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی گوندی شێوەسماک سەربە شاری شنۆ بووە کە دوایی کوژرانی تەرمەکەیان گواستووەتەوە بۆ ساردخانەی شاری نەغەدە.

ناوەندە ئەمنیەکان بە مەرجی میدیایی نەکردنی ئەو هەواڵە تەرمەکەیان رادەستی بنەماڵەکەی کردووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، سوێنێ یەکشەممە کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بە ناوی بارزان، لە سنووری هەنگەژاڵی ئەو شارە بە ته‌قەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لاقی بەسەختی پێکراوە و رەوانەی ناوەندە ته‌ندرووستییەکانی ئەو شارە کراوە.

هەروەها، رۆژی شەممە کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی قوڵقوڵە سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی بە ناوی فاتێح مەحموودی، تەمەن ٣٤ ساڵ لە کاتی کۆڵبەری لە سنوورەکانی نەوسوود بە هۆی بەربوونەوە لە هەڵدێرێکەوە بەسەختی بریندار بووە. ناوبراو لە کاتی هەڵاتن لە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئێران بەربووەتەوە.

PM:01:25:14/09/2020