وتەبێژی پارتی واده‌ی كۆنگرەی داهاتووی حزبه‌كه‌یان ڕاگەیاند

وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت" دوای كۆتایی هاتنی كۆرۆنا كۆنگرە دەبەستین، چونكە دواكەوتووین لە كۆنگرە".

 

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٣ی ئەیلول بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی ڕایگەیاند" كۆنگرەی داهاتووی پارتی باسی لێوە كراوە، بڕیاریشی لەسەر دراوە، چونكە كاتی هاتووە، ئێمە دواكەوتووین لە كۆنگرە، بەڵام بارودۆخی سیاسی و سەربازی تەحكومی كردووە، كە نەتوانراوە كۆنگرەكە ئەنجام بدەین".

 

وتەبێژه‌كه‌ی پارتی وتیشی" ئەگەر پەتای كۆرۆنا نەبایە ئێستا كۆنگرە كۆتاییشی پێهاتبوو، لەم دۆخەدا بەستنی كۆنگرە كارێكی ئاسان نیە، بەڵام ئێستاش ئەو لێژنەی دامەزراوە بۆ دراسەكردنی كۆنگرە، ئەو بابەتانەی چ لە پەیڕەو و پرۆگرام، دراسەی ئەو بابەتانە دەكرێت، ئامادەكارییەكان بەردەوامن، كەی ئەم پەتایە ڕێگەی پێداین، ئەو كات بە دڵنیایەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنگرەی خۆی ئەنجام دەدات".

 

مەحمود محەمەد له‌باره‌ی گۆڕانكارییەكان لەناو پارتی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: لە هەر كۆنگرەیەك هەندێك گۆڕانكاری دەكات، لە دوای كۆنگرەش بە هەمان شێوە گۆڕانكاری دەكات، بە بەردەوامیش لەگەڵ پێویستی شوێنی جوگرافیای لقەكان و ناوچەكان گۆڕانكاری كردووە، ئەو بەرنامەیە هەبووە، كەی پێویست بێت گۆڕانكاری ئەنجام دەدرێت. 



PM:10:04:23/09/2020