گەنجێکی خەڵکی سنە لە تاران کوژرا

لاوێکی خەڵکی سنە کە لە مێوانییەکی شەوانە دەستبەسەر کرابوو، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنیەکانی ئێران کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی پێنجشەممە  ٨ی تشرینی یەکەم هێزە ئەمنیەکانی شاری شاریار سەر بە پارێزگای تاران لاوێکی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی سنەیان بە ناوی "کەژوان ئەڵماسی" لە مێوانییەکی شەوانە دەستبەسەر کردووە و دوای دەستگیرکردنی لە پشتەوە تەقەیان لێکردووە و کوشتوویانە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەڵماسی لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، هێزە ئینتزامییەکان لە پشتەوە تەقەیان لە کەژوان کردووە و بنەماڵەکەی لە دادسەرای سەربازی شاریار سکاڵایان لەسەر ئەو سەربازەی کە تەقەی کردووە تۆمار کردووە. ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە لاوێکی دیکەش لەگەڵ کەژوان بووە کە ئەویش بریندار کراوە.

تەرمی کەژوان ئەڵماسی ئەمڕۆ دووشەممە دوای تەواوبوونی کاروباری یاسایی ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.

کەژوان ئەڵماسی تەمەن ٣٠ ساڵ و کوڕی ئیقباڵ، خەڵکی سنە و دانیشتووی تاران بووە کە کە لە ڕێستورانێک سەرقاڵی کار کردن بووە.

AM:10:48:13/10/2020