هێزە ئەمنییەکان لە کرمانشان مێرمنداڵێکیان کوشت و یەکێکی دیکەیان بریندار کرد

هێزی ئەمنی کرمانشان لە گەڕەکی دەوڵەت ئاوای ئەو شارە تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەک کردووە و لەئاکامدا مێرمنداڵێکی ١٧ ساڵ گیانی لە دەست داوە و مێرمنداڵێکی دیکەش بە سەختی بریندار بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە هێزی ئەمنی جێگیر لە پایگای دەوڵەت ئاوای کرماشان ئۆتۆمبێلێکی جۆری "پژۆ ٤٠٥" یان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە.

پەیامنێری هەنگاو لە کرماشان ڕایگەیاند" کە لە ئاکامی ئەو دەستڕێژەدا شۆڤێری ئۆتۆمبێلەکە کە مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی (ئەشکان عەزیزی) بووە گیانی لە دەست داوە و مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵانیش بە ناوی (بورهان عەزیزی) بە سەختی بریندار بووە". 

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بورهان عەزیزی چووەتە کۆما و ئێستا لە ژێر چاوەدێریی چڕی پزیشکیدایە.

ئەو دوو مێرمنداڵە خەڵکی گەڕەکی دەرەدرێژی کرماشان بوون و هیزە ئەمنییەکان بە بیانووی ئەوەی کە ئۆتۆمبێلەکەیان پڵاک (ڕەقەم)ی نیە تەقەیان لێیان کردووە.

PM:02:41:16/10/2020