نەوەی نوێ:ئەوەی بەغداد دەیکات ئاساییە، ئەوەی یاری بە چارەنووسی کورد دەکات پارتیی و یەکێتیە

ئەنجومەنی سیاسی نەوەی نوێ لەبارەی قەرزەوە بەیانێک دەردەکات و دەڵێت" "ئەوەی بەغداد دەیکات ئاساییە، ئەوەی دزیی دەکات و یاری بە چارەنووسی کوردەوە دەکات، پارتیی و یەکێتی و پاشکۆکانیانن" 


دەقی بەیاننامەکە..

 
ئەمەی لە بەغداد روودەدات هیچ پەیوەندی نییە بە موچەوە، پێمان سەیرە جگە لە پارتی و یەکێتی،  لایەن و گروپەکانی تریش لە بەغداد چونەتەوە پاڵ ئەم دوو حیزبەی دەسەڵات و هەڵگری هەمان خیتابی پارتی و یەکێتین بێ ئەوەی خۆیان بە جیا بچونایەتە هۆڵی پەرلەمان و بژاردەی تریان تەرح کردایە و کاریان بۆ بکردایە.


ئەمەی رویدا پەرلەمانی عێراق وەرگرتنی قەرزە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی خۆیان بدەن کە ئێستا داهاتیان نییە. 


هەرێم چەند ساڵە قەرزی وەرگرتووە، نەک هیچی نەداوە بە عێراق، بەڵکو نەیشیداوە بە خەڵک، ئیتر بۆ چاوەڕوانە عێراق قەرز وەربگرێت و بیداتە ئەمان؟


لە هەرێم، دەسەڵاتی کوردی بە دوو مانگ جارێک %٧٩ی موچە دەدات. واتە مانگانە ٣٢٠ ملیار دینار موچە دەدەن.(بە دوو مانگ ٦٤٠ ملیار). بەکورتی دەسەڵاتی کوردی دەیەوێت مانگانە ٣٢٠ ملیار لە بەغداد وەربگرێت و بیداتە روبعە مووچە. 


هەروەها دەیەوێت پارەی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان و نەوت و هاوکاری هاوپەیمانان و هەرچی داهاتی تری هەرێم هەیە بۆ دوو حیزبی دەسەڵات و بنەماڵە حوکمڕانەکان و کۆمپانیاکانیان بێت.


دەیانەوێت یەک دینار لەو هەموو پارەیەی دەستیان دەکەوێت، نەیدەنە مووچە و تەنها بە دوو مانگ جارێک پارەکەی بەغداد دابەش بکەن و باقی پارەکەی ئێرە بچێتە گیرفانی بنەماڵەکانی خۆیانەوە.


ئێمە دەمانەوێت پەیامێک ئاراستەی چوار لایەن بکەین:


١- پەیاممان بۆ عێراق و هێزە عێراقییەکان:
ئێوە راستگۆ نین و کاتی هەڵبژاردن لە پێناو شەقامی عێراقیدا هەندێک تەسریحاتی دژ بە پارتی و یەکێتی دەدەن و لە کۆتایشدا هاوڵاتیان باج دەدەن و دوای هەڵبژاردن هەموو شتێک ئاسایی دەبێتەوە. 


٢-پەیاممان بۆ پارتی و یەکێتی:
ئێوە بەرپرسی یەکەمی ئەم هەموو نەگبەتیی و بەڵایەن کە بەسەر کوردا دێت و پارە وداهاتی کوردستان دەدزن و هیچ پارەیەک نادەن بە فەرمانبەران و خەڵک، بۆیە باسی ئەو هەموو داهاتە بکەن نەک باسی پارەی قەرزی عێراق، کە بۆ مووچەی خۆیان وەری دەگرن. 


٣-پەیاممان بۆ ئەو لایەنانەی کە لە دەرەوەی پارتی و یەکێتی:
پێویستە ئێوە پرسیار لە خۆتان بکەن، ئایا ئێوە لەگەڵ هەڵوێستی پارتی و یەکێتیدان!؟ ئایا لەگەڵ ئەم هەموو دزینەی پارەی نەوت و داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکاندان!؟ ئایا ئیوە پاساو دەهێننەوە بۆ دزینی قوتی خەڵک لە لایەن دەسەڵاتەوە و دەڵێن خەتای عێراقە؟! یاخود بە پێچەوانەوە بۆ هاولاتییانی روندەکەنەوە کە خەتاباری یەکەم دەسەڵاتی کوردییە؟ کە هیوادارین هەنگاوی دووەم بگرنە  بەر.


٤-پەیامی کۆتایمان بۆ گەلەکەمانە، بۆ خەڵکی ئازیزی کوردستانە:
ئازیزان پێویستە بزانن داهاتی هەرێم مانگانە لە مووچە زۆر زیاترە، بەڵام دوو بنەماڵەی حوکمڕان دەیبەن بۆ خۆیان. هەموو شتێک دەدزن و مووچەی ئێوە نادەن. ئەمە ئەسڵی بابەتەکەیە. ئەمە هیچ پەیوەندیی بە بەغداد و قەرز و ئەو بابەتانەوە نییە. 


کەواتە چارەسەر چییە؟ 
هەڵوێست وەرگرتنی هەموومان و دەست لە ناو دەستکردنی گەل و خەڵکە، دەربڕینی ناڕەزایەتیی و داواکردنی مافی خۆتانە. جگە لەمە هیچ چارەسەرێکی تر نییە. چونکە بێدەنگییمان دەبێتە هۆی خراپی زیاتری ئەم دۆخە.


جوڵانەوەی نەوەی نوێ


ئەنجومەنی سیاسی/ ٢٠٢٠/١١/١٢  

 


PM:10:01:12/11/2020