وەزارەتی تەندروستی لەسەر بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی سارس ڕونکردنەوە دەدات

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم لەسەر دەنگۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی سارس SARS کە لە نەخۆشخانەی ئاسا لە شاری سلێمانی دەستنیشانکراوە،ڕونکردنەوە دەدات و دەڵێت" تائێستا هیچ سەرچاوەیەك و بەڵگەیەكی پەسندكراو نییە بۆ بوونی ڤایرۆسی سارس لەسلێمانی".

 

د. ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" بە پێویستی دەزانین بۆ بەرچاوی هاوڵاتیان روونبكەینەوە تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەک و بەڵگەیەکی پەسندکراو نیە بۆ بوونی ئەم ڤایرۆسە، چونکە پڕۆسەی پشکنینی تاقیگە بۆ چەندین جۆری ڤایرۆس ئەنجام دەدرێت و چەندین جۆری ڤایرۆسی سارس هەیە کە لەگەڵ جۆرەکانی ڤایرۆسی کۆۆنا و ڤایرۆسەکانی ئەنفلەوەنزا لە هەمان خێزان ئەژمار دەکرێت". 

 

دەشڵێت" هاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە کە پێویست بە شڵەژان ناکات و تیمی پسپۆڕی وەزارەتمان لەگەڵ تیمەکانی تەندروستی، بەدواداچوونی زیاتر بۆ لێکۆڵینەوە لەم گومانە دەکات و تەنها وەزارەتی تەندروستی تاکە سەرچاوەی فەرمی راگەیاندن دەبێت".

 

ئەمڕۆ دەزگای تەندروستی پێشمەرگە لەڕاگەیەنراوێكدا رایگەیاندبوو" ەتاقیگەی  مۆلیكولەری نەخۆشخانەی ئاسـا لە پشكنینە نوێكاندا بۆ گومانلێكراوان بە پەتای كۆرۆنا بۆمان دەركەوتووە كە لە ئێستادا جگە لە ڤایرۆسی كۆرۆنـا، ڤایرۆسی سارس كە بە Severe Acute Respiratory Syndrome (SARS) ناسراوە لە ناو هاوڵاتیاندا بڵاو بۆتەوە".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردبوو، بە شێوازێكی گونجاو مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە ڤایرۆسە بكرێت و جیابكرێتەوە لە SARS-Cov2 كە بە كۆڤید ناسراوە، بۆیە هەندێك لە هاوڵاتیان نیشانەكانی كۆڤیدیان هەیە، بەڵام لە پشكنینی PCR بە نێگەتیڤ دەردەچن، چونكە كۆڤیدیان نییە دەشێت سارسی یەكەمیان هەبێت. 



PM:03:21:20/11/2020