لیژنەی باڵای رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد

لیژنەی باڵای رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوەخۆ و بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەکان و پارێزگار و بەرپرسی یەکەی ئیدارە سەربەخۆکان، لیژنەی باڵای رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆبووە.

دەقی بڕیارەکانی لیژنەی باڵای رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا: 

 

1. دەوامی قۆناغەکانی 1 و 2 بنەڕەتی و 12 ئامادەیی (حکومی ـ ناحکومی) تا رۆژی (2021/1/7) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت.

2. قۆناغی 1 و 2 بنەڕەتی و 12 ئامادەیی دەتوانن تا کردنەوەی قوتابخانەکان، بەشێوەی "نائیلزامی" سوود لە وانەکانی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین وەربگرن.

3. قۆناغی 3 بنەرەتی تا 11 ئامادەیی (حکومی - ناحکومی) بە شێوازی ئەلیکترۆنی لە خوێندن بەردەوام دەبن. هەروەها تا رۆژی (2021/1/7) و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندنی رەوشی تەندروستی، سەردانکردنی بە گروپ و ئامادەبوون لە قوتابخانەکان رادەگیرێت.

4. ئەو قوتابخانانەی کە لە گوندەکان و ئەو ناوچانەی كە هێڵی ئینتەرنێتیان وەک پێویست نییە و ژمارەی قوتابیانیان سنووردارە، دەوامیان بۆ گشت قۆناغەکان رادەگیرێت.

5. دەوامی باخچەی منداڵانی ناحکومی تا رۆژی (2021/1/7) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت.

6. دەوامی پەیمانگاکانی حکومی و ناحکومیی وەزارەتی پەروەردە تا رۆژی (2021/1/7) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەکرێت.

7. بەمەبەستی رێکخستنەوەی ساڵنامەی خوێندن و تاقیکردنەوەکان، وەزارەتی پەروەردە بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام سوود لەو پشووە فەرمییانە وەردەگرێت کە بە پێویستی بزانێت.

8. لە زانكۆ و پەیمانگاکان بۆ بەشە زانستییەکان، سیستەمی خوێندنی نێو كامپەس و خوێندنی ئەلكترۆنی (خوێندنی ئاوێتە) بەپێی ھەمان پلانی پێشوو ھەروەھا بە ڕەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان تا رۆژی (2021/1/7) وەك خۆی بەردەوام دەبێت.

9. بەشە مرۆییەکانیش لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا بە ڕەچاوکردنی رێنمایی تەندروستیی زیاترەوە، تا (2021/1/7) بەھەمان شێوەی پێشوو وەک خۆی بەردەوام دەبێت.

10. راسپاردنی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکان بۆ چاودێریکردنی شوێنە گشتییەکان (مزگەوت، کلێسە و هۆڵی بۆنەکان) بە مەبەستی پابەندکردنیان بە رێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

 

11. دووپاتکردنەوەی جێبەجێکردنی گشت بڕگەکانی بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (52) لە (2020/10/24).

ئەم بڕیارانە لە ڕۆژی (2020/12/2) کاری پێدەکرێت، دوای ئەم ڕێکەوتە لیژنە کۆدەبێتەوە بۆ سەر لە نوێ تاوتووێکردنی ڕەوشی تەندروستیی هەرێمی کوردستان.



PM:08:11:01/12/2020