ژمارەیەک په‌رله‌مانتاری‌ عیراق وه‌ڵامی‌ وه‌زیری‌ دارایی هه‌رێم ده‌ده‌نه‌وه‌

چوار په‌رله‌مانتاری‌ كورد له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق وه‌ڵامی‌ وه‌زیری‌ دارایی حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌ده‌نه‌وه‌و ده‌ڵێن" نەوت بنێرن ئەوکات باسی ئەوە بکە کە تۆپ لەکوێیە". 

 

هەریەک لە غالب محه‌مه‌د، سه‌ركه‌وت شه‌مسه‌دین، رێبوار كه‌ریم مه‌حمود، په‌رله‌مانتارانی كورد له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شدا وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمیان داوه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێن" تۆپ نەوتەکەیە، نەوەك داهاتەکەی، ئەگەر ناردت ئەوا تۆپەکە لە ساحەی ئێمەیە، باشترە هێندە گەمە بە شعوری خەڵک نەکەن و راست و رەوان بە خەڵکی را بگەیەنن چۆن داهاتی ئەم وڵاتە رەهنکراوە".

ڕاشیانگەیاندووە" تۆپ نیوەی داهاتی گومرکەکانە، ئەوانەی کە تاڵانی دەکەن و وەزیرو کاربەدەستانیش ناتوانن رێگری لێ بکەن، تۆ نەوت بنێرە ئەوکات باسی ئەوە بکە کە تۆپ لە کوێیە، ئیشێکیش کە لێی نازانی زۆر خۆتی لێ مەدە، بڕیاریش لای تۆ نیە تا چارەنوسی میللەتێك ببەسرێتەوە بە قسەکانتەوە".

 

ئەمڕۆ ئاوات شێخ جەناب وەزیرى دارایى وئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند" دوێنێ نامەیەكمان لە وەزارەتی دارایی عیراق پێگەیشت، ناوەڕۆكەكەی پەیوەندی بە یاسای قەرزەوە ھەیە، وەڵامی وەزارەتی دارایی عیراقمان دایەوە، كە ئامادەین ناوەڕۆكی نامەكە جێبەجێ بكەین".

ئاوات شێخ جه‌ناب ئاماژەی بەوەشکرد، له‌ ٢٦ی تشرینی دووەم مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نامه‌یه‌كی ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی فیدڕاڵ كردوه‌ و تیایدا ئاماده‌یی ده‌بڕیوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی یاسای قه‌رز.

لەبەشێکی تری قسەکانیدا وەزیری دارایی هەرێم وتیشی" له‌ ئێستا به‌دواوه‌ تۆپ له‌ ساحه‌ی حكومه‌تی فیدراڵ و په‌رله‌مانی عێراق بۆ جێبه‌جێكردنی یاسای قه‌رز و حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌یی جێبه‌جێكردنی به‌نده‌كانی هه‌یه و داوای ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین حكومه‌تی عێراق ئه‌ركه‌كانی خۆی له‌وباره‌یه‌وه‌ جێبه‌جێ بكات".‌



PM:07:09:08/12/2020