تا بن پەتەکە

هۆشیار عەبدولآ
لە پشدەر دو هاورێی نزیک لە کاتێکا یەکێکیان دوچاری کێشەیەکی قورس بهاتبایە ئەوەی تریان وەک جۆرێک لە دڵدانەوە و بۆ خۆشی دەیگوت خەمت نەبێ تا بن پەتەکە لە گەڵتدام لەوێوە دەگەڕێمەوە ، مەبەستیان پەتی سێدار بوو...

لە سەرەتای کودەتاکەی پارتیەوە تێگەیشتنمان هەبوو
بۆ مانەوە و هەڵوێست وەرنەگرتنی توندی سێ لایەنە بەشداربوەکەی حکومەت بەتایبەت کە بەشێک لەو لایەنانە پێیان وابوو ئەو دۆخە بە زویی چارەسەر دەکرێ و ئەوانیش هەر زوو لە یەکەم رۆژەوە وتیان مایەی قبوڵ نیە و هەڵوێستیان وابوو کە بەڵێ کارێکی ناشەرعی و نا قانونی و تاوانە بەرامبەر نەک گۆران بەڵکو هەموو ئەزمونی هەرێم کراوە ..ئەو کاتە سوپاسی هەڵوێستی ئەوانمان کرد لە کاتێکا هەموو حیزبێک هەڵوێست بۆ راستگۆیی خۆی و بەرنامەی خۆی  لایەنگرانی خۆی وەردەگرێت نەک لەبەر گۆڕان یاخود لەبەر پارتی ....

ئیستا کە پارتی سورە لە سەر کودەتا و لەسەر قۆرغکاری هەموو مەلەفەکان بەردەوامە و ئامادەش نیە لە دۆسێ گرنگەکانی پەیوەندی دەرەوە و نەوت و دارایی نەک بەشداری بەو لایەنانە بکات کە لە دەسەلاتە ناشەرعیەکەی پارتیدا ماونەتەوە تەنانەت بچوکترین راوێژیشیان پێ ناکات ....

بە رای بەندە بەشداری ئەو سێ لایەنە لە کۆبوەنەوەی ئەنجومەنی وەزیران وەک شەرعاندن و پشتیوانیکردنی بێقەید و شەرتی بریارەکەی مەسعود بارزانیە کە لە ۱۱ ئۆکتۆبەر و لە کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەیدا بریاریدا گۆڕان لەحکومەت و پەرلەمان نەهێڵرێت .
بێگومان لە بارێکی تریشدا داننانە بە شەرعیەتی بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم  و چونکە لە بەشداری کۆبونەوەکانی ئەویشدا بە سیفەتی سەرۆکی هەرێم، درێغیان نەکردوە  و بە پاساوێکیش قەناعەتیان بەخۆیان کردوە گوایە لە روی قانونیەوە نەخێر بەڵام بارزانی سەرۆکی هەرێمی ئەمری واقیعە .

لە گەرمەی ئەو ساتەوەختەی کە ئەو سێ لایەنە لەگەل گۆڕان سەرقاڵی پرۆژە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بون من نوسیم گۆڕان بە تەنها دەمێنێتەوە هەڵبەتە وەک هاوکێشەی لایەنە سیاسیەکانی هەرێم  ئەگەر نا هیچ لایەنێک ئێستا وەک گۆڕان راستگۆ لەگەڵ جەماوەرەکەی و خەلکی کوردستان دەوری قەرەباڵغ نیە ...

جاری تریش گوتومە پارتی هەڵە دەکات بە مۆدێل و زوزو دوبارەی دەکاتەوە، وەک هێنانی هێزی بێگانە ، کە نەک جارێ چەند جارێ دوپاتی کردۆتەوە ، وەک سوتاندنی بارەگاکانی یەکگرتوو کە نەک جارێ چەند جارێ کردویەتی ، وەک رێگرتن لە جیگری ئەوسای سەرۆکی هەرێم لە دێگەڵە  کە  دیسان لە پردێ دوبارەی کردەوە ، دەبێ ئەو لایەنان بزانن بێدەنگ بون لەوەی لە ۱۲ ئۆکتۆبەر دژی گۆڕان کرا، بۆ پارتی بچێتە سەر سبەی بەسەر ئەوانیشدا دێت و پارتی سێ و دوی لێناکات و ئەوکاتە ئایا راستە گۆران بڵێت لە ناکۆکیەکانی نێوان پارتی و یەکگرتوو یان یەکێتی یان کۆمەڵ نابین بە تەڕەف ؟!!! 

ئایا پەرلەمان دامەزراوەی حیزبی گۆڕانە ؟! ئایا حکومەت تەنها هی پارتیە ؟! کەس لەم کوردستانەدا بۆی نیە ئاگاداری  مەلەفی دەرەوە بێت، بارزانی نەبێت ؟! نەوت مولکی خەلکی کوردستان یان تەنها خێزانێک ؟!ئایا ئەوەی لە نێوان پارتی و گۆڕانە ململانێیە لەسەر بەرژەوەندی تەسکی حیزبی یان ململانێی شەرعیەت و ناشەرعی بونی سەرۆکی هەرێمە ؟! ململانێیە لەسەر پۆست و پایە و پارە بۆ گۆڕان یان رێگرتنی گۆڕانە لە هەولدان بۆ سەپاندنی حوکمی عائیلی و ویراپی و تاکەکەسی ؟! 

بڵێی هاتنی ئەو دۆستانەمان تا بن پەتەکە بێت و بەس ؟!

20/12/2015




وتارەکانی تری نوسەر