پارادۆکسی هەڵبژارده‌كان.."1"..کاندید و نەزانی

عەزیز رەئوف
بە هەر پێوەرێک وەریبگرین ئەم خولەی پارلەمانی عیراق خراپترین و نەزانترین کاندیدی تێدایە لەسەر ئاستی هەموو قەوارە و هێزەکان. ئەم خولەی پارلەمان خراپترین خولە بۆ کاندیدی خراپ و زماننەزان و تەممەڵ بەجۆرێک ئەگەر ئیمتیحانیان بکەی  لە سیاسەت  و دەستوور و زمان، کەمیان دەردەچن. بەڕاستی کارەساتە لە لە چلەکانی سەدەی ڕابردوودا ئەمین زەکی بەگ لە بەغدا پارلەمانتار بێت و ئیستاش ئەم پارلەمانتارانە.    
ئاساییە ئەگەر نەزانی، بەڵام بە هەر پێوەرێک وەریبگرین ئاسایی نیە تەنانەت نەزانی ئەو خولەی خۆت بۆ کاندید کردووە خولی چەندەمە؟ ئاگات لە وەزارەتەکانی کابینە یەک لەدوا یەکەکانی عیراق نەبێت و لەسەر سەکۆ وا دەمت تێکبئاڵێت نەزانی لەندەن ناوی پایتەختە نەک وڵات. ئاساییە ئەگەر نەزانی و بڵێی نازانم، بەڵام بە هەر پێوەرێک وەریبگری ئاسایی نیە نەزانی و بە وڵامی لاستیکی و پێچوپەنا بە وشەکان وڵام بدەیتەوە. ئاساییە نەزانی بەڵام ئاسایی نیە ئیعتراف بە نەزانی خۆت نەکەیت و پێت وابێـت هەموو شت دەزانیت. 
هەر ئەم سادەکردنەوەیەی کاندید و سیاسەتەیە وایکردووە کە زۆرێک لە قەوارەکان پارلەمانتارانی کوردستان بۆ عیراقیش کاندید دەکەنەوە، یان ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ پارلەمانی عیراق، بەڕاستی ئاسایی نیە تۆ ئەم دوو ئەرکە تێکەڵ بکەی، خەباتی پارلەمانی و دەسەڵاتە خۆجێییەکان لەناو هەرێم لەگەڵ خەباتی پارلەمانی لە عیراق دوو ئەرکی تەواو قورسن و بەڵام ئیتر مادام لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە عیراق و کوردستان سیاسەت شکستی خوارد و هیچیش نەگۆڕا، ئیتر تێکەڵکردنی کایەکان و ئەرکە ناوخۆیی و دەرەکیەکان دەبێتە پرۆسەیەکی سادە و سەرجەم قەوارەکان کاریان لەسەر نەکرد.    
جا ئەوە نوکتەیەک هەیە دەڵێن: " ڕۆژنامەنوسێکی بیانی لەشاخ چاوپێکەوتن لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا ئەنجام دەدات و لێی دەپرسێت: جیهانگیری "عەولەمە" چیە و کاریگەری لەسەر شۆڕشەکەی ئێوە چیە؟ کاک نەوشیروانیش دەڵێ وەڵا من نازانم، بچن بۆلای (م، ب) ئەویش بەرپرسێکی باڵایە، ئەویش نازانێت، بەڵام دوو سەعات قسەتان بۆ دەکات".     
ئایا کاندیدی قەوارەکان لە ئێستادا بەیەکەوە دەتوانن دیبەیتێک بە زمانی عەرەبی ئەنجام بدەن بزانین دەتوانن بەرامبەر بە عەمامە بەسەرەکانی بەغدا و بە زمانی ئەوان شەڕی داهات و مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەن؟   نازانم.


19/04/2018



وتارەکانی تری نوسەر