یەکەم: هەمووان لەشاردا وەک یەک بیریان کردەوە، وەک یەک جوڵان، ئەوە شار نیە، شوێنێکی ترە.
دووەم: هەڵپەڕین بە ڕەشبەڵەک و جەستەبەریەککەوتن ئاساییە، بەڵام سەمای دوو هاوسەر نائاساییە. شکاندنی ئادابی گشتی تەنها لەچاودایە.
سێیەم: لە وڵاتەکەت کچ لە دوازدەساڵی مارەدەکرێ و لە بیست و سێ ساڵی دەکوژرێ، ئەمە ئادابی گشتیە، بەڵام سەمای دوو هاوسەر دژ بە ئادابی گشتیە.
چوارەم: ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات شتێکە و عەقڵی داعشی بۆ دیاردەکان شتێکی تر. لەشەڕی دێودا هەموو خەریکە دبن بەدێو.
پێنجەم: لەناوجەرگەی ئەوروپا نیقاب دەپۆشی، ئەمە ئیمانە، بەڵام کچ و کوڕێکی ئەوروپی لە وڵاتەکەت سەما بکەن، دژ بە ئادابی گشتیە. نیفاقێک هەیە.
شەشەم: وەرن بۆ وڵاتەکەم بۆ گەشت، بەڵام وەک من بجوڵێن، وەک منیش جل بپۆشن. کوردبوون بەتامی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان و مەلاکانی ئێران.
حەوتەم: ئیمانێک بە جوڵەی کچ و کوڕێک لەق بێت، ئیمان نیە، شتێکی ترە.