بەدیل چیە؟

عەزیز رەئوف
لە وڵامی پرسیاری چەند هاوڕێیەکمدا..
چەندین هاوڕێم ئەو کاتەی ڕەخنە لە دیاردەیەک دەگرین، پێمان دەڵێن ئەی بەدیلی ئەو دۆخە چیە ئێوە تەنها ڕەخنە دەگرن، ئەی چی بکرێت؟ لە وڵامی هاوڕێکانمدا ئەم چەند خاڵە دەخەمە ڕوو:
یەکەم: کارەساتە کۆی پارت و هیزەکان وا داڕزابن لەم هەمووپرۆژە و بەرنامە و پەیڕەوەی خۆیان داوا  لە نوسەران بکرێت بەدیلیان بۆ دیاری بکەن. هاوڕێیان ئیشی نوسەران و چاودێران بینینی برینەکانە، ئەوە هێزەکانن کە بەدیلی ئەو دۆخەن ئەوە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنین دەتوانن فشار دروست بکەن دۆخی ئاڵۆز بەدیلی ئاڵۆز بەرهەم دێنێت. ئەو دۆخە بە چارەسەری کاتی و بەدیلی نوسەرێک یان ڕۆشنیر و چاودێرێک چارەسەر ناکرێت. کۆی ئەو ڕەخنانەی کە لەو  چەندین ساڵەدا نوسەران و چاودێران گرتوویانە و گوێی پێنەدراوە ئەو دۆخە نالەبارەی دروست کردووە کە بەجۆرێک ئاڵۆز بووە بە پێشنیار و چارەسەری کاتی توانی دەسکاریکردنی دنیایەکی ئاوا ئاڵۆزی نیە. کۆی مێنتاڵیتی پارتەکان لەیەک دەچن بۆیە ناتوانرێـت بەدیل دیاری بکرێت. کۆمەڵگە دابەش بووە بەسەر پارتەکاندا، ناوچەگەری و حزبیایەتی و بیرکردنەوەی خێڵەکی جۆرێک پەرتەوازەیی دروست کردووە کە ڕەئی عام زۆر بە زەحمەت دروست دەکرێت.
دووەم: بەدیلی ئەو دۆخە بەر لە هەر شت ماڵئاوییکردنەبەم فۆرمە سیاسیەی هێزەکان پەیڕەوی دەکەن، ئەم جوڵە سیاسیە خاوە مەرگێکی هێوش و مردنێکی لەسەر خۆیە بۆ کۆی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە. تاکە کەرەستەیەک بۆ گۆڕینی دنیای ئێمە لای هێزە سیاسیەکان تەنها هەڵبژاردنە و لە ئێستادا کردەی هەڵبژاردن و نەتیجەکانی جگە لە نوکتەیەکی بێتام زیاتر چی دی نیە. دۆزینەوەی ڕێگەچارەی تر، دۆزینەوەی کەرەستەی تر بۆ خەبات و تێکۆشان و کارکردن لەسەر کۆمەڵگەیەکی ئاوا ئاڵۆز و پەرتپەرتبوو ئەرکی سەرەکی پارتە کوردیەکانە. 
سێیەم: پاشەکشەی ڕەخنەی جدی بە قسە و شاتەشاتی سەر شاشە کە لە دە ساڵی ڕابردوودا دروست بووە، کە هەم دەسەڵات دەستی لەم بێ ئەمێتکردنەدا هەیە هەم هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیش کۆی ڕەخنەکانیان لە دەنگەدەنگ و پاکێج دا خاڵی کردەوە ئەمەش بێئاگا یان ئاگادار لەوەی کە مۆدێلی دەسەڵات لە هەرێم سکستی خواردووە و هێزەکان بەردەوام قاچی سناعی بوون بۆ ڕاگرتنی ئەم جەستە نەخۆشە. هیچ چرکەساتێک بارتەقای ئێستای ئێمە ڕەخنە و نوسین و قسەی جدی فەرامۆش نەکراوە و هیچ کاتێک شک نابەین وەک ئەم ساتەی دنیای ئێمە کە نوسین و ڕەخنەگرتن بێئەمێت کرابێت. هێزە کوردیەکان ڕەخنەی نوسەران و چاودێران فەرامۆش دەکەن و کە دەگەنە دووڕێیانێک ناتوانن بڕیاری جدی بدەن، داوای بەدیلیان لێ دەکەن.
چوارەم: گۆڕینی کەرەستەکانی خەباتکردن لە پاکێجەکانی پارلەمانێکی کارتۆنی و گۆڕینی بۆڵەبۆڵ بۆ خەباتی مەدەنی و گەڕانەوە بۆ کۆڵانەکان و گوێگرتن لە چین و توێژەکان و بەشکردنی خەم لەگەڵیاندا. ئەگینا وەک چۆن نیوەی خەڵکی کوردستان نەچوون بۆ دەنگدان ئەوا لەم هەڵبژاردنەشدا بایکۆتی زیاتر دەبینین و بێ ئومێدی لە گۆڕینی دنیای ئێمە لە هەڵبژاردن ، دەبێتە دیاردەیەکی بەرچاو لای خەڵکی کوردستان.
پێنجەم: کۆی کێشەکانی کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بە( دەستنیشانکردن و پیاچوونەوە و کارکردن) هەیە. زیاد لە هەوڵێک پێویستە بۆ دەستنیشانکردنی برینەکانی کۆمەڵگەی کوردی کە ئێستا هێزە کوردیەکان نەک هەر  توانای دەستنیشانکردنی قەیرانەکانیان نیە جۆرێک پێداچوونەوەی قوڵیان بۆ نەکردووە و ئەوەی لە هەمووی کارەساتترە تەنانەت کاریشیان لەسەر نەکردووە.  کورتکردنەوەی کۆی کێشەکانی ئێمە لە دەنگەدەنگ و فەرامۆشکردنی کردەی سیاسی و ئولفەتگرتن بە تەمەڵی سیاسی لەناو بارەگاکاندا سیمای هەرە دیاری پارتە کوردیەکانی دەرەوەی دەسەڵاتن. 
شەشەم: دروستکردنی فەزایەک بۆ خەمی هاوبەش. بیست و حەوت سال زیاد لە کارخانەیەک کۆی ئەم کۆمەڵگەیەی پەرت پەرت کردووە و چینەکانی لەیەک جودا کردۆتەوە شاری نمونەیی و قوتابخانەی نمونەیی و ناحکومی لەبەرامبەر کۆلانی زۆرینەی خەلک و قوتابخانەی فەرامۆشکراو... لەم نێوەندەدا هیچ چرکەساتێک شک نابەین بارتەقای ساڵانی دوای ڕاپەڕین تاک و چین و توێژەکان لێک دورخرابێتنەوە و خەمی ئەوانی تر بە خەمی خۆیان نەزانرێت. کێ دێت ئەم خەمە هاوبەشانە کۆ بکاتە و و کام هێزی سیاسی دەتوانێت کۆی شار و شارۆچکە و کۆمەڵگە و سەرجەم چین و توێژەکان یەک بخات و ئۆرگانیزیان بکات بە مۆدێل و پەروەردە و پارادیمێکی نوێی سیاسی؟ 
حەوتەم: خۆی کێشە سەرەکیەکە ئەمەیە: دەکرێ خۆت ئازاد بیت تا بتوانی شەڕی ئازادی بکەی. مرۆڤی دەورەدراو بە کۆتی خێڵ و خوێن  توانای شکاندنی زنجیرەکانی نیە. دەکرێ پێش ئەوەی دنیا بگۆڕی خۆت بگۆڕی، دید و تەفسیر و جیهانبینی خۆت بگۆڕیت ئینجا دنیا بگۆڕی، مرۆڤی نەگۆڕاو توانای دەسکاریکردنی دنیای نیە.

19/07/2018



وتارەکانی تری نوسەر