لەڕۆژی لەدایکبوونیدا..یازدە وانە بۆ پارسای کوڕم

عەزیز رەئوف
1. کوڕەکەم، ڕۆژی لەدایکبوونت پیرۆز بێت، مومێکی تری تەمەنت بکوژێنەوە و دەیان مۆمی تر بۆ بەردەوامی ژیانت داگیرسێنە. ڕەنگە بەدەس تۆ نەبێت ژیان چ ڕەنگێکە و چۆن دەگوزەرێت، بەڵام کوژانەوە و داگیرساندنی مۆمەکان بەدەست خۆتە، کەواتە ئەوە خۆتی بڕیار لە ڕووناکی یان تاریکی دەدەیت.
سەروەتیکی گەورەیە کە خوت بیت، کوڕەکەم.
2. من بڕوام بەوە نیە بەهەشتێک لەسەرزەوی دروست بکرێت، هەمیشە ترسم لەوانە هەبووە کە مژدەیان بەخشیوە، بەڵام لانی کەم دەتوانین من و تۆ لە چواردیواری ماڵێکدا کاتێک بژین کە شایەنی ژیان بێت.
ژیان هێشتا شایەنی ژیانە، کوڕەکەم.
3. ئیشی من نیە باڵەکانت هەڵپاچم و وەک من بفڕیت، بەڵکو ئیشی منە باڵت پێ ببەخشم خۆت بە ئازادی بفڕیت. تو کوڕی سەردەمی خۆتی و منیش مرۆڤی عەسری خۆم، هەرگیز بەو ئاسمانەشدا مەفڕە کە منی تێدا دەفڕم، ئەگەر من و تۆ یەک ئاسمانمان هەڵبژارد بۆ فڕین ئەوا یەکمان زیادەین.
مرۆڤی زیادە موسیبەتێکی گەورەیە، کوڕەکەم. 
4. دنیا یەک پارسای تیایە کە تۆی وەک چۆن یەک عەزیز هەیە کە منم، هەوڵ مەدە کۆپی کەس بیت، ئەگەر ویستت لە باوکت یان لە هەرکەسێکی تر بچیت، ئەوا بوونی تۆ زیادەیە.
کۆپی کەسێکی تر کێشەیەکی گەورەیە، کوڕەکەم. 
5. لەم عەسرەدا مرۆڤ زۆرە و مرۆڤایەتی کەم، تۆ هەوڵ بدە وەک مرۆڤێکی زیادە نەمێنیتەوە، بەڵکو وەک مرۆڤێک ژیان بکە کە مرۆڤایەتی جوانتر بکەیت. کات چاوەریی کەس ناکات، کات بۆ کەس ناوەستێت، هەرگیز کاتەکانی خۆت بە خەم و توڕەی و قەلەقی و نیگەرانیەوە سەرف مەکە.
کاتەکانی خۆت خۆش بوێ ، کوڕەکەم. 
6. نە تەماشای ڕابردوو بکە نە بیرت لە ئایندە بێت، لە ئێستایا بژی، ژیان بەرزونزمی تێدایە بەڵام هێشتا شایەنی ژیانە، ژیان وشکەساڵی تەمەنی تێدایە بەڵام هێشتا باران دەبارێت، تۆ ئەگەر بیر لە ڕابردوو بکەیتەوە خەمبار دەبیت کە تەمەنت ڕۆیشتووە و زەوی بە دڵی تۆ نەسوڕاوە، تۆ ئەگەر بیر لەوە بکەیتەوە ئایندە چی دەکەی ئەوا و ڕاڕا دەبیت و ئێستات فەرامۆش دەکەیت و ئێستات دەبێ بەڕابردوو. 
بۆتۆ گرنگە لە ئێستادا بژی، کوڕەکەم.
7. بیرت بێتەوە ئەو کاتانەی تێتپەڕاندووە ناگەڕێنەوە، ئەو پۆلەی تێیدا دەخوێنی جارێکی تر هەمان ژمارەی خوێندکار نایەنەوە ژوور، هەرگیز جارێکی تر ناتوانی بەوڕێگەیەی تەمەندا بڕۆی کە تێتپەڕاندووە، بەڵام ئەوە بزانە کات بەدەست تۆ نیە بەڵام دروستکردنی ڕێگەکان بەدەست خۆتە.
دروستکردنی ڕێگا هەوڵی خۆتی دەوێ، کوڕەکەم. 
8. پێنچ دەقە دوای لەدایکبوونت بڕیارلە چارەنوست درا، لە ناسنامەکەت نوسرا و بڕیار لەسەر ئایین و تایەفە و ڕەگەز و ناوت درا. من تەنها ناوەکەم پێت بەخشی "پارسا" واتە "پیاوچاک" وەک ئەوەی دڵم خەبەری دابێت لە سەردەمی پیاوخراپاندا ژیان دەکەین.
ژیان لەسەردەمی پیاوخراپاندا ئاسان نیە، کوڕەکەم. 
9. ئەوەی لەسەر ناسنامەکەت نوسراوە هیچی هەڵبژێردراوی خۆت نیە، لەبەر ئەوە هەرگیز خۆت بە نوسراوی سەر ناسنامەکەتەوە سەرقاڵ مەکە و هەرگیز شەڕی چارەنوسێک مەکە کە خۆت هەڵتنەبژاردووە و ئەوانی تر بڕیاریان لە چارەنوست داوە. 
بڕیاردان لە چارەنوسی ئەوەی تر ترسناکە، کوڕەکەم.
10. گەر هەستت کرد سەرقاڵیان کردی و وایان نیشاندا کە خۆت نیت، قەت سارد نەبیتەوە، ئینجا بزانە ئەوانی تر لە گەورەیی تۆ سڵ دەکەنەوە ئینجا بزانە تۆ شتێکت کردووە بەقەت خەون و ئاواتەکانت گەورەیە و مرۆڤە بچوکەکان پێی ناگەن. جاران گەورەکان کۆیلەیان هەڵدەبژارد، ئێستا کۆیلەکان خۆیان بەرپرسەکانیان هەڵدەبژێرن. هەرگیز خۆت بە مرۆڤە بچوکەکانەوە سەرقاڵ مەکە ئەوان شەڕی خۆیان ناکەن بەڵکو شەڕ بۆ ئەوانە دەکەن کە لەجیاتی ئەمان بیر دەکەنەوە، بۆیە ئەگەر شەڕیشت کرد هەرگیز شەڕی مرڤە بچوکەکان مەکە، چونکە ئەوان خۆیان نین و سەرقاڵت دەکەن و ڕێگەت لێ هەڵە دەکەن.
مرۆڤی بچوک بەڵایە بەڵا، کوڕەکەم. 
11. بۆتۆ گرنگە هەنگاوی گەورە بنێیت لە کۆمەڵگەیەکی بچوکدا. وریابە کوڕم مێگەل نەتکوژێ، هەرگیز لەبەرخاتری ئەوی تر ڕەفتارەکانت مەگۆڕە، هەرگیز لەبەر ڕازیبوونی ئەوانی تر بیرکردنەوەت مەگۆڕە. 
هەنگاوی گەورە خەونی گەورەی دەوێ، کوڕەکەم.

12/01/2019



وتارەکانی تری نوسەر