گۆڕان ئەتوانێت ببێتەوە بە ئۆپۆزسیۆن؟

عەدنان عوسمان
لە ١٢/١٠/٢٠١٥ بە بڕیاری مەسعود بارزانی و مەکتەبی سیاسی پارتی، وەزیرەکانی گۆڕان لە حکومەتی هەرێم دەرکران. ئەم هەنگاوە، بۆ ئەوەی رەسمیەت وەربگرێت، دەبوایە لە پەرلەمانی کوردستانەوە، دەستلەکارکێشانەوەی ئیجباریان بخرێتە دەنگدانەوە، دیارە بە هۆی پەککەوتنی پەرلەمان وەیا هەر هۆیەکی تر بێت ئەو کارە نەکرا. لەو کاتەوە تا ئێستا، گۆڕان لە نێوان دوو تێڕوانیندا وەستاوە، بەشێک پێی وابو دەبێ هەر یەکسەر دوای ئەو هەنگاوەی پارتی، لە کابینەکە بکشێتەوەو وەک ئۆپۆزسیۆن کار بکات، بەشێکی تریشی پێی وابو باشترین وەڵام نەکشانەوەیە، بۆ ئەوەی پیلانی دورخستنەوەی گۆڕان لە پرۆسەی سیاسی سەرنەگرێت. مەعلومە تا ئەم ساتەوەختە تێڕوانینی دوەم هەرچەندە کەمینەش بوە سەرکەوتو بوە( لە زۆرینەی کۆبونەوەکاندا تێڕوانینی یەکەم زاڵ بوە).

ئێستا دوای دوو ساڵ لەو روداوە، گوایە نیازی کشانەوە لە حکومەت هەیەو گۆڕان ئەبێتەوە بە ئۆپۆزسیۆن. جارێ سەرەتا ئەبێ ئەوە رونبکەمەوە کە بەشداری نەبون لە کابینەیەکدا ئۆتۆماتیکی ناکاتە ئۆپۆزسیۆن بون. دەشێ لایەنێک لە حکومەت بەشدار نەبێت و ئۆپۆزسیۆنیش نەبێت. ئۆپۆزسیۆن بون پرۆسەیەکی جدی و بە پلانە بۆ روخاندنی کابینەکەو جێگرتنەوەی.

من ئەو هەنگاوەی گۆڕان، واتە راگەیاندنی کشانەوە لە کابینەکە، بە هەنگاوێکی دروست نازانم. دەبێ بڵێین گۆڕان لە بناغەدا هەر لە ١٢/١٠/٢٠١٥ بەشێک نەبوە لەم دەسەلاتەو بەزۆر دەستی پێکێشراوەتەوەو تەحەمولی هیچ  کارنامەو هەنگاوە سیاسی و ئیداریەکانی کابینەکە ناکات و بەشەرعیشیان نازانێت. مەفروز وایە گۆڕان بڵێت ئێمە هەر لەو مێژوەوە بەشێک نین لەو حکومەتە، بەڵام دەمانویست دەرفەتێک بدەین بە کابینەکە بۆ چاکسازی و پیاچونەوە بە هەنگاوەکانی، بەڵام لە ئێستاوە ئێمە ئیتر ئەچینە قۆناغی ئۆپۆزسیۆنێکی راستەقینەی جدیەوە لەپێناو روخاندنی ئەم کابینەیە. ئەوەش ئەرکی راستەقینەی هەر هێزێکی ئۆپۆزسیۆنە.

ئەگەر گۆڕان مێژوی کشانەوەی لەهەفتەی داهاتوە دیاری بکات، واتە لەو کاتەوەی کە خۆی ئەو بڕیارەی داوە، کەواتە لە روی ئسوڵیەوە دەبێت خۆی بەشەریکی کارنامەی ئەم دوو ساڵەی حکومەت بزانێت.

ئەوەی کە پێویستە گۆڕان کاری لەسەر بکات و بڕیاری لەسەر بدات ئەوەیە کە ئیتر لەم ساتەوەختەوە، بە دروشمە فێڵاویەکان ناخەڵەتێت و، هەنگاوی راستەقینە ئەنێت بۆ گۆڕانکاری ریشەیی لە بەرێوەبردنی ولاتدا.

لە ئێستادا گرنگ بڕیاری کشانەوە نیە، بەڵکو بڕیاری بون بە ئۆپۆزسیۆنێکی ئازاو چالاک و خاوەن دیدگاو دابڕان لەم سیستەم و کابینەو مەنزومە حوکمڕانیەیە. تەنها ئەوەش بەلای خەڵکەوە گرنگە.

بەڵام لە سایەی بونی هێزێکی موحافیزەکار لە رابەرایەتی گۆڕاندا، کە هێشتا لە نێو بازنەی کوردایەتی تەقلیدیدا ئەخولێتەوە، چەند ئەم کارە ئەکرێت، ئەوا بەم زوانە بۆمان رون ئەبێتەوە.


16/12/2017



وتارەکانی تری نوسەر