شكاندنی بتەكان..سەركەوتنی دەستەبژێرێكی گەنج

کاوه‌ محه‌مه‌د
 رۆژی (٩/٣) سەردانی مامۆستا یوسف محەمەد سادق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانم كرد، پشتیوانی و پشتگیریم بۆ ئەو ئەدا جیاوازەی دەربڕی كە وایكرد بەها و سەنگ بۆ پەرلەمان بگێڕێتەوە و ئازایانە و پیشەییانە رووبەڕووی هەموو ئەو هەوڵ و هەنگاوە دژە دامەزراوەیی و دژە یاساییانە ببێتەوە كە لەنێوەندە حزبییەكانەوە كراونەتە سەر پەرلەمان، ئەویش بۆ بەتاڵكردنەوەی لەئەركە راستەقینەكانی خۆی و ملكەچپێكردنی بۆ ئیرادە حزبییە خۆسەپێنەكان.

ئەوان پێیانوابوو وەك جاری جاران دەتوانن شەرعیترین دامەزراوەی هەڵبژێردراوی خەڵك بێ نرخ بكەن و تەنیا بۆ سپیكردنەوەی سەفقە رەشەكانیان بەكاریبهێنن، بەڵام لەم خولەدا هەموو ئەو گوشارە حزبییانە بەر بەردی ئیرادەی گەنجانەی پەرلەمان كەوتن و بە مەرام نەگەیشتن، بەتایبەتیش لەپرسی سەرۆكایەتیی هەرێمدا ئەو رۆڵەی پەرلەمان جوانتر و گەشتر دەركەوت.

بۆیە بە مامۆستا یوسفم راگەیاند كە ”سەركەوتنی ئەو، تەنیا سەركەوتنی گۆڕان نیە، بەڵكو سەركەوتنی دەستەبژێرێكی سیاسیی نوێیە كە كاری ئەوان شكاندنی بتە سیاسییەكان و بەدامەزراوەییكردنی وڵاتە كە چیتر بەناوی سەركردەی زەروورەت و سەرۆكی فریادرەس و فەرماندەی تاك و تەنها، یاساكان و ئیرادەی خەڵك نەخەنە ژێر پێی بەرژەوەندی و تەماعە بێ سنوورەكانیان و بەردەوام بە بیانووی دوژمن و هەڕەشەی دەرەكی و هەستیاری و ناسكیی دۆخەكان فریومان نەدەن.

07/09/2015



وتارەکانی تری نوسەر