‎لەبارەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی گۆڕان-ەوە

کاوه‌ محه‌مه‌د
‎هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دوای تەنیا نۆ هەفتە لەكۆچی كاك نەوشیروان، تێپەڕاندنی تاقیكردنەوەیەكی قورسی رێكخراوەیی گۆڕان بوو بەسەركەوتوویی، چونكە گرەوێكی زۆر هەبوو لەسەر ئەوەی كە گۆڕان لەدوای كاك نەوشیروان دەكەوێتە گێژاوی ململانێیەكی ناوخۆییەوە و سەرەنجام تووشی داوەشین و لێكترازانی گەورە و دواتریش ناچار بە چۆكدادان دەبێت. جگە لەوەش هەندێك گرەویان لەسەر ئەوە بوو كە گۆڕان دوای كاك نەوشیروان نەتوانێ ناو ماڵی خۆی رێكخاتەوە و هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی خۆی بكات و سەرێك بۆ جەستە رێكخراوەییەكەی دیاریبكات، بۆئەوەی بەرە بەرە هاوشێوەی حزبە تەقلیدییەكانی لێ بێت و خاڵەكانی جیاكاری (تمیز)ی خۆی لەدەست بدات، ئەوسا قووتدانی گۆڕان بۆیان ئاسان بێت. زۆر گرەوی دیكەش هەبوون و لەخەیاڵی خۆیاندا نقوم ببوون، بەڵام گۆڕان بەو هەڵبژاردنانە توانی بڵقی هەموو ئەو گرەوانە بتەقێنێت و بیانكات بە گرێی گەورەی سەر دڵی گرەوكاران و باشتر گۆڕان و ئیرادە و شوناسەكەیان  بۆدەربكەوێت.

‎ئەمە وێنە گەورەكەیە كە هەڵبژاردنەكە بە دەرەوەی خۆی بەخشی، بەڵام لەوردەكارییەكاندا بێگومان من و زۆر هاوڕێی دیكەی ناو گۆڕان و دەرەوی گۆڕانیش تێبینی و رەخنەمان هەیە، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندیی بە نەبوونی گەنج و ژن  لەتەشكیلەی خانەی راپەڕاندن-ەوە هەیە، بۆ خۆم رۆژێك بەر لەهەڵبژاردنەكە و دوای ئەوەی زانیم كە هەندێك لەكاندیدە گەنجەكان خۆیان كێشاوەتەوە، نامەم بۆ هەموو ئەو كاندیدە بەڕێزانە نارد كە ئێستا رێكخەر و ئەندامی خانەی راپەڕاندنن و داوام لێكردن كە هەوڵی جدی بدەن خانەكە بێ گەنج و ژن نەبێت و تاكاتی هەڵبژاردنەكە چارەسەرێكی ئەو گرفتە بكەن، بەڵام بەداخەوە نەكرا و ئەنجامەكەی وا كەوتەوە كە بینیمان. بێگومان خۆ ئەگەر گەنج و ژنیش لەو خانەیەدا بوونیان هەبووایە، وێنەكە جوانتر دەبوو،  بەڵام ئەو تێبینی و رەخنانە ناتوانن وێنەی هەڵبژاردنەكە لەچواچێوە دیموكراسی و دەستووری و شەفافەكەی دەربێنن و ناشیرینی بكەن و بەدەر لەحەقیقەتی رەنگ و هێڵەكانی خۆی بیخەنە بازاڕە پڕ لەناشیرینییەكانی سیاسەتی كوردیەوە.

‎شتێك كە پێویستە لێرەدا بوترێت، ئەوەیە كە خانەی راپەڕاندن یەكسان نیە بە مەكتەبی سیاسیی حزبە تەقلیدییەكان و وەك لای ئەوان، ببنە بڕیاردەری سەرەتا و كۆتای هەموو جومگەكانی حزب بێ بوونی چاودێری دامەزراوەیی و بەپێی مەزاج و تێڕوانینی شەخسی خۆیان، گۆڕان بە راست و چەپ، هەوراز و نشێوی سیاسەتدا ببەن، بەڵكو هەر حەوت ئەندامەكەی خانەی راپەڕاندن (بە رێكخەری گشتیشەوە) تەنیا جێبەجێكاری بڕیارەكانی جڤاتی نیشتیمانین و لەبەردەمیدا بەرپرسن، واتە ئەوەی بڕیاردەرە جڤاتە وخانەی راپەڕاندنیش جێبەجێكارە. 

‎بۆیە بەڕای من پێویستە ئێمەی گۆڕانخوازان لەهەموو ئاست و پلەیەكدا پشتیوانی لەو تیمەی هاوڕێیانمان لەخانەی راپەڕاندن بكەین تا بەسەركەوتوویی لەتاقیكردنەوەی ئەم قۆناغەی بەرپرسیارێتیی قورسی سەرشانیاندا دەرچن، بەڵام هاوشانی جڤاتی نیشتیمانیش، هەموومان چاودێر بین بەسەریانەوە كە لەهەر هەڵە و لادانێك لەبەرنامە و سیاسەتەكانی گۆڕان و دنیابینییەكانی كاك نەوشیروان ئاگاداریان بكەینەوە و بەیەكەوە راستەڕێی بەرژەوەندییەكانی خەڵك، وەك چۆن لەسەرەتاوە گۆڕانی لەپێناودا دروستبوو، بەرنەدەین.
 


27/07/2017



وتارەکانی تری نوسەر