دواخستنی ریفراندۆم لەبەغداوە

کاوه‌ محه‌مه‌د

رۆژ بەرۆژ ئەگەری دواخستنی ریفراندۆم بەهێزتر دەبێت، گومانەكانی بەكارهێنانیشی وەك كارتێك بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی حزبی زیاتر لەیەقین نزیك دەبنەوە كە هەرزوو لەسەر پرسەكە دروستبوو، بەتایبەت دوای سەردانی وەفدەكەی پارتی و یاوەرانی بۆ بەغدا و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییە عیراقییەكان.

بەپێی زانیارییەكانی ناو ئەو كۆبوونەوانە، هیچ باسێكی جدی ریفراندۆم نەكراوە، لەهەندێ كۆبوونەوەدا تەنانەت وشەی (ریفراندۆم)یش بەزاری كەسدا نەهاتووە، كە باسیشكرابێت لەژێر لێوەوە بووە، وەفدی پارتی و یاوەرانی گلەیی و رەخنەكانیان بەو نەفەس خستۆتەڕوو كە دەیانەوێ بزانن هاوپەیمانی نیشتیمانی (شیعەكان) چ پلان و پرۆژەیەكیان هەیە بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان، ئەوانیش وتوویانە ئامادەی هەموو جۆرە گفتوگۆیەكین و دەمانەوێ كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر بكەین، بەڵام لەچواچێوەی دەستور و یەكپارچەیی خاكی عیراقدا، لێیان پرسیون، ئەگەر بگەینە چارەسەر بۆ ئەو كێشانە، ریفراندۆمەكەتان هەڵدەوێشێتەوە، وتوویانە با جارێ بزانین چارەسەرەكانی ئێوە چین وچیمان بۆ دەكەن، ئەوسا قسەی لێ دەكەین. دوایین دەرەنجامیش كە پێی گەیشتوون ئەوەیە كە هەردوولا بۆ هەفتەی داهاتوو وەرەقەی خۆیان بۆ چارەسەر ئامادەبكەن و دواتر لەسەر بنەمای ئەو دوو وەرەقەیە هەوڵی گەیشتن بەرێككەوتنێكی نووسراو لەسەر كێشە دایكانەكان (بودجە و نەوت، پێگە و پۆستەكانی كورد لەبەغدا، مووچەی پێشمەرگە، مادەی ١٤٠،...) بدەن.

ئەم زانییارییانەم بۆیە خستەڕوو تا هاووڵاتییانی هەرێمەكەمان كە ساڵانێكی زۆرە سەودا بە ماف و خەونەكانیان دەكرێت، لەبەشێكی وردەكارییەكانی ئەو كۆبوونەوانەی بەغدا ئاگاداربن و دواتریش بزانن كە چۆن پرسە نیشتیمانییەكانیان بە بڕیاری حزبی، لەكۆبوونەوەی حزبی و بۆ مەرامی حزبی بەكاردەهێنرێن و سڵ لەهیچ بەربەستێكی ئەخلاقی و مێژوویی ناكەنەوە. ئەمە جگە لەوەی كێشە و داواكارییە ناوخۆییەكان و هەڵوێستی وڵاتانی بڕیاربەدەستی دنیا و هەڕەشە و ئامادەكارییەكانی وڵاتانی ئیقلیمی بەرامبەر ریفراندۆم رۆژ بەرۆژ زیاتر و فراوانتر دەبن، بەڵام چاوی پارتی و یاوەرانی هەر لەسەر لەبەغدایە و لەبەغداش زیاتر لەسەر پارە و پۆستەكان، لایەنە سیاسییە عیراقییەكانیش زۆر باش شارەزای ئەو نوخبە سیاسییەی كورد بوون و دەزانن چۆن و بەچی رازیان دەكەن.

بۆیە ئیتر دەبێ ئەوە بزانین كە پارە و پۆست (وەك چۆن رابردوو پێماندەڵێ) تاكە تەماعە كە چاوی بانگەشەكەرانی ریفراندۆم تێر دەكات و دەتوانێ ببێتە ئەو دەرزییەی كە میزەلدانی ریفراندۆمە حزبییەكە بتەقێنێت، ..كەواتە باچاوەڕێ بین..




PM:11:44:17/08/2017