فەرموو دان بەشکستەکەتدا بنێ

کاوه‌ محه‌مه‌د
ئەوەی لەدوێنێ شەوەوە لەکەرکوک روودەدات، پێشبینیکراو بوو، بەتایبەت بۆ ئەوانەی ماهیەتی ئەم حوکمڕانییە شکستخواردووە تەمەن (۲٦)ساڵەی هەرێمیان باش ناسی و لەچەندین قۆناغ و بۆنەدا مەترسییەکانی بەردەوامیدان بەو فەوزا سیاسی، ئیداری، سەربازی و ئابوورییەیان روونکردەوە و نەخشەرێگای چارەسەریشیان خستەڕوو، لەپێش هەمووانەوە بەهەشتی نەوشیروان مستەفا کە هەر لەزووەوە و لەسەرەتای نەوەدەکانەوە قسەی ورد و جدی لەسەر کردووە..
ئەو کارەساتەی ئەمڕۆ بەسەر کەرکوکییەکان و خەڵکی کوردستاندا دێت، تەنیا دەرەنجامی سەرکێشیی (ریفراندۆم)ە حزبییەکەی بارزانی نیە کە لەزەمان و زەمینەیەکی زۆر ناگونجاو و بەعەقڵیەتێکی سیاسیی ناکوڵەکەوە بڕیاری لێ درا، بەڵکو دەرەنجامێکی چاوەڕوانکراوی کەڵەکەبوونی ئەو هەموو شکستە یەک لەدوای یەکانەیە کە نوخبە سیاسییە فاشیلە خۆسەپێنە (۲٦)ساڵییەکەی هەرێم لێی بەرپرسیارن و بەدرێژایی ئەو هەموو ساڵانە ئامادەنەبوون گوێ لەدەنگە دڵسۆز و پەرۆشەکان بگرن و بەدرەنگیشەوە بێت راستەڕێ لەجیاتی هەڵەتەڕێ هەڵبژێرن، یان لانیکەم زەرەیەک شەهامەتی سیاسییان هەبێت و دان بە شکستی خۆیان دا بنێن و دەستبەرداری کورسییە لەقەکانیان بن، کەچی نەک ئەمەیان نەکرد، بەڵکو هەرێم و خەڵکەکەیان لەشکستێکەوە بە شکستێکی دیکە سپارد تا بە ئەمڕۆی پڕ لەشەرمەزاریی بۆ خۆیان گەیاند..
ئەوەی ئەمڕۆ لەکەرکوک روودەدات، شکستی پێشمەرگە نیە، بەڵکو شکستی ئەو سیاسی و فەرماندە بێ سەواد و خۆویستانەیە کە لەبەر بەرژەوەندی شەخسی و بنەماڵەیی و حزبی، یەک هەنگاوی جدی و عەمەلیان بۆ یەکخستن و بەدامەزراوەییکردنی هێزی پێشمەرگە نەنا و هەر بەرپرسە و هەر حزبە دەستی بە لیوا و فەوجە تایبەتییەکانی خۆیانەوە گرت و نەیانتوانی هێزێکی تۆکمە و نیزامی ئەوتۆ دروستبکەن کە چەند سەعاتێک بەرگەی شەڕێکی قورسی بەرەیی بگرێت و فەرماندە بەرژەوەندخوازەکانی هێز و ناوچەکان نەکەنە قوربانی تەماعە شەخسییە بێ سنوورەکانیان، بەر لەهەمووانیش مەسعود بارزانی لەو هەموو شکستانەی رابردوو و ئەم شەرمەزارییەی کەرکوک بەرپرسە، چونکە ئەو بەدرێژایی ساڵانی رابردوو فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی هەرێم بووە و دواییش (پاڵەوان)ی ریفراندۆم بووە و بێ باکانە گوێی لەهیچ دەنگێکی ناوخۆیی و دەرەکی، دۆست و نەیار نەگرت و بە هەمووانیشی راگەیاند کە ئەو تەحەمولی شکستی ریفراندۆم دەکات و سەری خۆی لەسەر دادەنێت.. ئێستا جێی خۆیەتی و کاتیەتی بۆئەوەی شکست و زیانەکانی کورد لەوە زیاتر نەبن، بێتە سەر شاشەی تەلەفزیۆن و شکستی خۆی و هاوئاوازەکانی رابگەیەنێت و بۆ تەنیا جارێکیش بێت بەرژەوەندی خەڵکی بوێت نەک دیسانەوە هەر هی خۆی و بنەماڵە و حزبەکەی..

16/10/2017



وتارەکانی تری نوسەر