کێ رێزی لەدەنگدەرانی تایبەت نەگرتووە ؟

کاوه‌ محه‌مه‌د
دوای ئەوەی توانیمان لەدانیشتنی نائاسایی رۆژی (٦/٦)ی پەرلەمانی عیراقدا و بە ئامادەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتارانەوە دەنگ لەسەر پێشنیارە یاسایەک بدەین بۆئەوەی تەواوی سندوقەکانی دەنگدان بەدەست ئەژماربکرێنەوە و چەندین رێکاری دیکە دژ بە تەزویر و تەزویرچیان لەخۆبگرێت؛ لەنێویاندا هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت لەهەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو هەموو ساختەکارییەی لەو دەنگدانەدا کراوە، ئیتر تەزویرچیەکانی کوردستان زۆر زیاتر لەتەزویرچیانی شیعە و سوننەش پەشۆکاون و ترس و دڵەڕاوکێ دایگرتوون، بۆیە دەیانەوێ بەهەر شێوەیەک بێت رێگری لەئاشکراکردنی تەزویرکارییە ئابڕووبەرانەکانیان بکەن، ئیتر دیسانەوە پەنایان بۆ موزایەدەکردن بردۆتەوە و باس لەوە دەکەن کە گوایە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت لەهەرێمی کوردستان بێ رێزییە بە هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش، لەکاتێکدا ئەوان بەدرێژایی چەندین ساڵە بێ رێزی بەرامبەر پێشمەرگە و هێزە چەکدارەکانی دیکەی هەرێم دەکەن، چونکە ئەوە ئەوانن کە؛
۱/چەندین ساڵە رێگری لەیەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و بەدامەزراوەییکردنی دەکەن.
۲/زیاتر لەنیوەی هێزی پێشمەرگەیان کردۆتە پاسەوانی شەخسی خۆیان و مناڵ و باخ و ڤیلاکانیان.
۳/نەک هەر لەنێوان حزبەکانی خۆیان دابەشیان کردوون، بەڵکو هەر بەرپرس و فەرماندەیەکیان گروپێک لەپێشمەرگەیان کردۆتە بارمتەی مەزاج و بەرژەوەندی شەخسی خۆیان.
٤/پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ لەململانێی ناوخۆیی و دژی خۆپئشاندەران و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و ئازادیخوازان بەکاردەهێنن کە دواترینیان هەڵکوتانە سەر مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان بوو.
٥/خوێنی زیاتر لە (۱۸٠٠) شەهید و زیاتر لە (۱٠) هەزار برینداری شەڕی داعشیان کردە پێخۆری سەفقەی سیاسی حزبەکانیان و لەماوەی چەند سەعاتێکی کەمدا لە(۱٦ی ئۆکتۆبەر)ی ساڵی پاردا بەفیڕۆیاندا و تەواوی ئەو خاکەی کوردستان (بە کەرکوکیشەوە) کە پێشمەرگە بەخوێنی خۆیان پاراستیان، ئەو دوو حزبە تەسلیمی هێزە عیراقیەکانیان کردەوە و شکۆی پێشمەرگەشیان شکاند.
٦/لەرووی بژێوی و مووچەوە، پێشمەرگە لەتوێژە هەرە غەرلێکراوەکانن، لەکاتێکدا دەبوو خۆیان و خێزانەکانیان ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین بکرێت، نەک مووچەکانیان ببڕن و ناچاریانکەن بچن کرێکاری و کاسبی بکەن.
۷/دواترین بێڕێزیشیان بەرامبەر پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ ئەنجامدانی ئەو هەموو تەزویرکارییە بوو کە لەناو دەنگدەرانی تایبەت کردیان، سەرەتا بە هەڕەشەلێکردنی نانبڕینیان و ئینجا لەسەرنانی کڵاوی بانگەشەی حزبەکانیان و دواتریش ساختەکردنی دەنگەکانیان، ئەویش نەک هەر بۆ لیستی حزبەکانیان بەڵکو بۆ هەندێ کاندید و دژی هەندێ کاندیدی خودی حزبەکانیشیان.
بۆیە ئەوەی بێرێزی بەرامبەر بە پێشمەرگە و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و قوربانیدانەکانیان کردووە، ئەوانەن کە تەزویریان لەدەنگەکانیان کردووە، نەک ئەو یاسایەی دەنگدانی تایبەتی هەرێمی هەڵوەشاندۆتەوە و بە مەبەستی دەرخستنی ئەنجامە راستەقینەکانی دەنگی خەڵک و کەشفکردنی دەستی رەشی تەزویرکاران دەرکراوە.
کاوە محەمەد 


09/06/2018



وتارەکانی تری نوسەر