دەربارەی كارا كردنەوە

لەتیف فاتیح
پەیتا پەیتا پێداگری لە سەر كارا كردنەوەی پارلەمان لە لایەن مەلا بەختیارەوە ، لە بری ئەوەی دڵنیایی بدات بە مرۆڤ دەیخاتە گومانەوە ، ئاخر كە قسە لە كارا كردنەوە ، یان خستنەوە گەڕی پارلەمان دەكرێت ، قسە لەوە ناكرێت بە چ میكانیزمێك و تاكەی ، ئایە خستنەوە گەر بۆ ئەوەیە جارێكی تر هەر كات بارزانی پێی خۆش بوو داخرێتەوە ، یان وەك ئەوەی كاتی خۆی بارزانی لە بارەی پارلەمانی عێراقەوە وتی ،بۆ ئەوەی ببێتە بەرزترین دەسەڵات ، خۆی لە كار خستنی پارلەمان بۆ ئەوە بوو بە ئێمە بڵێن لەم وڵاتە حزب حاكمی یەكەم و ببڕو بكوژی یەكەمە ، ئاخۆ ئێستا هیچ لەو خەیاڵە گۆڕاوە ، یان بە گەڕ خستنەوە بۆ دوو بارە سەرخستنەوەی بڕیارەكانی حزبە ، ئێستا گوێ‌ بیستی ئەوەش بوین ، كە بارزانی گوتویەتی با قسە لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمیش بكرێت و ئەویش چارەسەر بكرێت ، كەوایە ئەی بۆ پارلەمان بە زەبری چەك داخرا " داخستن بە مانای رێگری لە سەرۆكی پارلەمان و سكرتێری پارلەمان " نەك وەك ئەوەی 31ی ئابی 1996 بە زەبری لولەی دەبابە .
كە با پارلەمان لە دوو هەفتەدا بگەڕێتەوەو قسەلەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێمیش بكرێت ، ئەدی ئەم هەموو سوكایەتیەی رابردوو لە پای چی ، بۆ ئەمە بە تایبەت پێویستە یەكێتی و یەكگرتووداوای وەڵام بكەن ، هەڵبەت لە ناو ئەو دوو حزبەشدا ئەوانەی پاشە كشەیان لە پڕۆژەكانی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی كرد نەك ئەوانەی تا ئێستاش لە سەر هەمان باوەڕن ، پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر ئەو چوار لایەنە كاتی خۆی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمیان بێ‌ پارتی هەموار كردباوەو دواتر بۆ راوێژبیانخستایەتە بەردەم كەسی یەكەمی حزبەكان ، دنیا ئاخر دەبوو ، ئەی دوو ساڵە ئەو هەموو سوكایەتیە ، ئەو هەموو جنێو دانە بەیەكتر ، كوشت و بڕی خەڵك و سوتاندنی بارەگاو سەرو برۆ تاشینی خەڵك و شار بەدەر كردن بۆ ؟.
هەق بوو لە نێو میوانەكانی بارزانیدا كە دوای كۆبونەوەكە چوون بۆ كوبەو كفتەو شفتە خواردن ، كەسێك ئازایەتی ئەوەی هەبا بپرسێ‌ " ئەزبەنی ئەدی بۆ دوو ساڵە پارلەمان داخراوە ، كە دەكرێ‌ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمیش بكرێت " خۆی پەتای حزبی كوردی ئەم پرسیار نەكردنەیە ، ئاخر ئەگەر لە نێوان لایەنەكان و بارزانیدا پرسیارو وەڵام هەبێت وەك پێویست ، هەڵوەستەوبەرپەرچدانەوە هەبێت وەك پێویست ، هەرگیز بەو جۆرە پەلە پڕوزێ‌ لە ریفراندۆم و داخستنی هەموو دەرگاكان ناكرێتەوە ، لە كاتێكا ئەم پرسی ریفراندۆمە لە چەندین قۆناغی لە بار تردا دەبوو بهێنرێتە پێشەوەو نەهێنرا .
حیكمەت و سیحر لە كارا كردنەوەی پارلەماندا نیە ، حیكمەت لەوەدایە بپرسی ئەم هەموو ناجۆریە لە پای چی ، راستیەكەش لە ئێستادا پرسیار كردنە لەوەی نادادی و ستەمكاری و گەندەڵی و بە هەدەر دانی سامان و بڕینی موچەو ئەو هەموو سوكایەتیە لە بەر چی ، نەك سیاسەتكردن بە میزاج .
مەسەلە كارا كردنەوەی بێقەیدو شەرت نیە مەسەلە ئەوەیە ئایە ئەوەی لەم هەرێمە دەگوزەرێت سیاسەتە یان درێژە دان بە سیستمی فیوداڵی ، وەڵامەكە بۆ مەلابەختیار .



31/07/2017



وتارەکانی تری نوسەر