لەوە دەچێت بەشێكی زۆر لە گۆڕان ئێستا هیچ كێشەی گەندەڵی ، نادادی ، ستەم ، كوشتنی رۆژنامەنووسان بە رۆژنامەنووسانی خۆیشیانەوە ، هەڕەشە كردن لە مرۆڤ و جیاوازی ، بە هەڕەشە لە رێكخەری كۆچكردوشەوە ،نەمابێت ئەوە بۆیە لە بری هەموو ئەوانە لە بەرانبەر رەخنە هەندێ جار توڕە بون ، گلەو گازندە ، بەردەبنە وێزەی هەموو ئەوانەی نەوشیروان مستەفا لە رۆژگارێكدا وەك دۆست ، هاوڕێ ، هاوچارەنووس ، هاوخەم و هاو رێباز سەیری كردوون ، خەڵك راسپاردن بۆ ئەوەی قسە لە سەر تێكۆشەران و خەڵكانی خاوەن هەڵوێست بكرێت ، هەوڵێكە بۆ شاردنەوەی كێماسی و كەم و كوڕیەكان ، خۆ ئەگەر ئەوانە لە خۆوە ئەوە بكەن ، دیارە دیسان ئافەرین دەكرێن ، دەنا ناكرێت بەو جۆرە هاو رێبازو هاوڕێكانی نەوشیروان مستەفا بشكێنرێن ، ناوبردنی ئەوانەی رەخنەیان هەیە بە تۆراو ، ئەوانەی قسەیەكی جیاواز دەكەن بە لادەرو هاوڕێی نیوە ڕێ ، هەڵدانەوەی لاپەڕەی كۆن و هەڵبەستنی داستانی چەواشە لە سەر كەسانێك كە نەوشیروان مستەفا پرس و ڕای پێدەكردن ، گوێی لێدەگرتن ، بە قسەی دەكردن ، كارێكە كە دەبوو بزوتنەوەی گۆڕانی ئێستا خانەی راپەڕاندنی گۆڕانی ئێستاو جیڤاتەكان " تەحریم و تەجریم " یان كردبا .
ئێستا قۆناغی دوای ئەو پیاوەیە كە كۆچی كردوو لە شوێنێك نێژرا بۆ ئەوەی ئەوانەی لێوەی نزیكن شەرمی لێبكەن ، كەچی لە پەنای ئەوەوەو بە ناوی ئەوەوە شتگەلێك دەكرێت ، كە تەنانەت زۆر نزیكەكانی رابردووی ئەو پرسیاری ئەوە دەكەن ئەمە بۆ ، لە دۆخی ئێستای گۆڕاندا كە من چەند ساڵ لەمەوبەریش دەیان جارو لە تەك چەندین دۆستا باسم كردووە ، ئەو بزوتنەوەیە وەك حزب هەڵبوەشێتەوەو زۆر باشترە لەوەی ئێستای هەڵوەشانەوە تا ئەو شوێنەی ئیتر لە لایەكەوە هاوڕێكانی دوێنێی لەو تانەوتەشەرە رزگاریان بێت ، لە لایەكیشەوە ئیدی نەوشیروان مستەفاش لە گۆڕەكەیدا بحەسێتەوە و لەوە زیاتر بریندارو هەلاهەلا نەكرێت .
ئێستا بەشێكی زۆر لە دۆست و هاوڕێ هەرە نزیك و باشەكانی رابردووی نەوشیروان مستەفا لەبەردەم لێدان و شكاندندان لە لایەن هاوڕێكانی دوێنێی خۆیانەوە، ئەمەش وای كردووە بەیانیان مرۆڤ لە بری هەڵمژینی هەوایەكی پاك پرسیاری ئەوە بكات ئەمڕۆ چۆن و لە سەر كێ نووسراوە ، دیارە لە بەرانبەریشدا خودی كاك نەوشیروان مستەفاش هێنراوەتە نێو ئەو مەعمەعەی لە سەر نووسینەوە ، لە راستیدا هەموو ئێمە بەشی ئەوەمان لایە زۆر كێماسی و كەم و كوڕی یەكتر باس بكەین ، لێ ئەوەی رێگری دەكات وەفاو ئاكارە ، وەفاو ئاكار بەشێكی بنەڕەتین لە هەست و كەوتەكانی مرۆڤی بە ئاوەز ، ئەم دۆخە بۆ گەیشتوەتە ئێرە و ئەو هەموو وتنە بۆ كێ و لە پێناوی چیدا و لە بەرژەوەندی كێ ؟.
من بۆ خۆم بڕواناكەم نەوشیروان مستەفا بەو دوادوای تەمەنەوە دڵی چووبێتە پارەو لە خەیاڵی دروستكردنی كۆمپانیای بازرگانیدا بووبێت و خەونی ئەوەی هەبووبێت سەرمایەداری بەرخۆر دروستبكات وبۆ ئەوە خەڵكی ناردبێتەناو حكومەت و دام و دەزگاكانەوە ببنە نەهەنگ و دەوڵەمەند بن و بیریان لای گشتە خەڵك نەبێت ، یان بۆ ئەوە خەڵكی پەروەردە كردبێت بەو جۆرە هاوڕێكانی خۆی بدەنە بەرتانەو تەشەر ، بڕواناكەم لە بەر ئەوەی ئەو چەند ساڵەی زەمین و زەمان وای كرد لەو پیاوەوە نزیك بم ئەو هەستەم لادروست نەبوو ، ئەی باشە ئەمە چیە دەگوزەرێت ، ئەوە ئەو بابەتەیە كە پێویستە قسە كەرەكانی ناو خانەی راپەڕاندن رونكردنەوەی لە بارەوە بدەن و بە دووی چارەسەریەوە بن .
كێشەكە لە سەرەوەیە لە دەرەوە نیە .
تێبینیەكی بچوك :
من بڕوای تەواوم بەوە هەیە پڕۆژە سەرەكیەكەی نەوشیروان مستەفا بۆ رزگار كردنی كوردستان بوو لە دۆخێكی وەك ئێستا ناشرین، بەڵام براوەكان ئەوانە بوون ، تا ڕادەی هەڵوەشانەوە پڕۆژەكەیان بردو هێشتاش واز ناهێنن ، واتە رەنگە خەڵكی ترو لە شوێنی تریشەوە شەوو رۆژ كار بۆ تێكدان بكەن ، بەڵام ئەركی گۆڕانە بە گژ ئەوانەدا بچێتەوەو ئاشكرایان كات ، چونكە ناكرێت بە هەموو دوعایەكیش بگوترێ ئامین ، هەن كاریان ئەوەیە ئاشەكە ماڵەكە بشێوێنن ، لەو بارەیەوە ناوی زۆر لە بەردەستن .