مادە ھۆشبەرەکان مەترسیە گەورەکەی کۆمەڵگا

لوقمان مستەفا ساڵح
ماددەھۆشبەرکان  یەکێکە لە کێشە ھەرە ترسناکەکان کە بەرۆکی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی گرتووە،کێشەیەکە لە ھەموو جیھاندا ریشەیەکی مێژووییان ھەیە، وە ھەرەشەیە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی، چەکێکی کۆمەلکوژی بێدەنگە.

ماددەھۆشبەرکان کە ھەرێمی کوردستان بێ بەش نیە لەم چەکە کۆمەلکوژە، شەری ئەمرۆی رێخراوە نێودەولەتییەکان و وڵاتان ھەر لەگەل تێرۆر نیە، بەڵکو ھاوکات جەنگێکی تریش ھەیە کە بەرنگار بوونەوەی خراپ بەکار ھێنانی ماددەھۆشبەرکانە، بازرگانی پێکردنی ئەم مادانە ئەمرۆکە بابەتێکی سیاسی  و ئابوور ییە، ھەروەھا پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەییەوە ھەیە، لە کوردستانی لەمەڕ خۆشماندا، ئالوودەبوون  بە ماددەھۆشبەرکان وەکو کێشەیەکی کۆمەلایەتی جیدی و نوێ دەرکەوتووە، ئەم کێشە کۆمەلایەتیە کاری کردۆتە سەر ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانمان کە ژمارەیان رۆژ بە رۆژ لە زیاد بوونە، وە لە ئەنجامی کارلێکردنی لەگەل کێشە کۆمەلایەتیەکانی تر وەک ، تەلاق، خۆکوژی، ھەلاتن لە مالەوە و لادانی سێکسی...... ماددەھۆشبەرکان ئێستا بە یەکێک لە چوار تەنگژە و پرسە جیھانیەکان دەژمێردرێت:-تەنگژەی لەناو چونی ژینگە، تەنگژەی ھەرەشە ئەتۆمی، تەنگژەی ھەژاری، تەنگژەی ماددەھۆشبەرکان.
سێیەمین بازرگانیە لە دوای چەک و نەوتەوە دێت، بێگومان چەمکێکی زۆر ھەیە کە پەیوەندی دارە بە ماددەھۆشبەرکان.

دەتوانین بە شێوازە زانستیەکەی ئاوا بیناسێنین

-پێناسە:- مادەی ھۆشبەر .. (هەموو ئەو ماددە خاو و ئامادەکراوانەن کەتایبەتمەندى وریاکەرەوە و ئاوارشکێنیان تێدابێت و بەکاربهێنرێت جگە لەبوارى پزیشکى و پیشەسازى سودبەخش بارى راهاتن دروست دەکەن لە رووى جەستەیی و دەرونیەوە زیان بە تاک و کۆمەڵگە دەگەینن)

ماددەى هۆشبەر سێ جۆرە:-
١- وریاکەرەوەکان (stimulants)
٢- هێمن کەرەوەکان (depressants)
٣- هەڵوەسەهێنەرەکان (hallucinogens)

ئەم ماددانە ئەگەر بە شێوەیەکی نازانستی و زیاد لە پێویست و بە ڕێگای هەڵە بەکاربێن دەبنە هۆی زیان گەیاندن بە بەکارهێنەر یان کەسانی چواردەوری بەکارهێنەر، لە هەندێک بارودۆخدا کەسی ئالوودەبوو لەکاتی بەکارهێنانی ماددەی ھۆشبەردا تاوان ئەنجام دەدات یاخود ھەڵسوکەوتی نامۆ دەنوێنێت، هەروەها کەسایەتی و هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەوروبەریدا دەگۆڕێت، لەگەڵ ئەوەشدا زیانی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ بەکارهێنەر و دەوروبەری هەیە، بەکارھێنانی ماددەی هۆشبەر بەکارهێنەرەکەی تووشی سزای یاسایی دەکات،کەجۆری سزاکان لێرەدا باسی لێوەدەکەین.

کەسی تووش بوو بە مادە ھۆشبەرەکانیش بە کەسێک دەوترێت کە پێویستییەکی زۆری دەرونی و جەستەیی بە مادەی ھۆشبەر ھەیە کە لە پێناو بە ئەنجام گەیاندنی پێویستییەکانی دەبێت لە مادەھۆشبەرەکان بە شێوەیەکی ھەمیشەیی و لە کاتێکی دیاری کراودا کەڵک وەر بگرێت و پێوەی ئالوودە دەبێت.

-پێناسەی ئالوودەبون :-  ئاڵوودەبوون  نەخۆشیەکی دەروونی کۆمەڵایەتی و ئابوورییە،کە ھۆکارەکەی کەڵک گرتن لە مەوادێکی وەکوو  ئەلکحول،تلیاک ، حەشیشە، کە دەبنە ھۆی پابەندبوونی مرۆڤ لە بواری دەروونی و فیزیۆلۆژییەوە و کارکردی لەش، دەروون و نێو کۆمەڵگەی مرۆڤ دادەبەزێنن.

ئالودەبوون، دەکرێت پەیوەست بێت بە شتێکی کۆمەڵایەتی، وەک قومارکردن، یاخود بە کردەیەکی دەروونی وەک سێکس یان یارییە ئەلکترۆنییەکان. بەشێوەیەکی گشتی، هەر شتێک یاخود کردارێک کە ببێتە هۆی چالاککردنی سیستەمی پاداشت لە مرۆڤدا، دەکرێت ببێتە ئالوودەکەر.

-ھۆکارەکانی ئالوودەبون :-

• باوەڕ بەخۆنەبوون و لەدەستدانی ھەست
• ھاوڕێی خراپ و  خستنە داوی بێ ئومێدی
• خراپی باری کۆمەڵایەتی و  رۆچون بەرەو تاریکی
• باری ئابووری خراپ کەم دەرامەتی یا بەپێچەوانە وە
• کەمی یا خود خراپی پەروەردەی خێزان
• کەمی ئاستی  زانست و زانیاری
• بێ کاری و بی پیلان
• نەخۆشی دەروونی

٠ناسەقامگیری بارودۆخی سیاسی.

لەپاڵ ھەمووشتێ، "نەبوونی پلانی تۆکمە بۆ ڕووبەر بوونەوەی کێشەو گرفتەکان" 
• خۆشاردنەوە یاخود راکردن لەچارەسەر کردنی کۆسپ و تەنگ و چەڵەمە.
• بەکارھێنانی توندوتیژی لەکاتی پەروەردە ‌کردن یەکێکە لەھۆکارەسەرەکیەکان

+چارەسەرکردنی ئالوودەبون:-

بەگشتی و ئالوودەبون بە ماددە ھۆشبەرەکان بەتایبەتی زۆر سەختە،‌کاتی زۆری دەوێت ھەروەھا زۆری تێ دەچێت, کێشەیەکی گەورەیە بۆ کۆمەڵگا و دەوڵەت لەبەرئەوەی کۆمەڵگا لە جیاتی بایەخ و پەرەپێدانی بواری تەندروستی، خوێندن، پیشەسازی، ژینگە و بەرفراوانترکردنی کاروبار و چالاکیی لاوان و گرنگی دان بەژیان و گوزەر‌انی منداڵ و خێزان ناچارە مەسرەف بکات لەچارەسەرکردنی دیاردەی ئاڵوودەبون بەکردنەوەی بەندیخانەو شوێنی تایبەت بۆ چارەسەرکردن ئەمەش بێ گومان دەبێتە ئەرکێکی گەورە لەسەر کۆمەلگا ‌لەبەر ئەوەباشترین چارەسەر ئەوەیە تاک بەھەموو شێوەیەک خۆی دوور راگرێت لەم دیاردە نابەجێیە،بەپێی توانا ھەوڵی ئەوەبد‌رێت باس لەزیانەکانی بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان بکرێت لەناوو کۆمەڵگا بە تایبەتی لەناو گەنجەکان بەشێوەیەکی ئاشکرا.

پەرلەمانی کوردستانیش ئەم بابەتەی بە ھەند وەرگرتووە،ھەر بۆیە لە دوو توێی چەند مادەیەک جۆری سزاکانی دیاری کردووە.
-سزای یاسایی بۆ کەسانی بەکارھێنەری مادەی ھۆشبەر:-

+یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و کارتێکارە عەقڵیەکان - لە هەرێمی کوردستان - عێراق
ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٢٠
+بڕگەی شەشەم لەمادەی (١)ی یاساکە بەم جۆرە پێناسەی ماددەی هۆشبەر دەکات:
هەر ماددەیەکی سرووشتی یان پێکهێنراوە لەو ماددانەی لە خشتەکانی (١،٢،٣،٤) ی هاوپێچی ئەم یاسایەداهاتوون.
وەک : ئەلفامیتادۆل، بەنزیل مۆرفیل، کۆکایین، هێرۆیین، ئەفیۆن و...هتد.
 
+ماددەی (٢٥) ی یاساکە ئاماژە بەوە دەدات کە هەر کەسێک یەکێک لەم کردارانەی خوارەوە ئەنجام بدات، بە لەسێدارەدان یان زیندانیکردنی هەتاهەتایی سزا دەدرێت:

١. بازرگانی کردن بەو ماددانەوە کە یاساکە ئاماژەێ پێداوە بەدەر لە حاڵەتانەی کە یاساکە مۆڵەتی پێداون هاوردە یان هەناردەی کردبێت.

٢. بەرهەم هێنان و درووست کردنی ئەو ماددانە لە دەرەوەی چوارچێوەی یاساکە بەمەبەستی بازرگانی پێوەکردن.

٣. چاندنی ڕووەک بە مەبەستی بازرگانی پێوەکردن کە ماددەی هۆشبەری لێبەرهەم بێت یان هاوردە و هەناردەی تۆووی ئەم ڕووەکانە بەدەر لە حاڵەتانەی کە یاسا ڕێگەی پێداون.

هەروەها ماددەی (٢٦)ی یاساکە ئاماژە بەوە دەدات کە هەر کەسێک یەکێک لەمانەی خوارەوە ئەنجام بدات ئەوا سزادەدرێت بە بەندکردنی هەتاهەتایی یان کاتی یاخود پێبژاردن بە بڕی ٣٠ بۆ ٩٠ ملیۆن دیناری عێراقی هەر کەسێک کە بازرگانی پێوە کردبێت، کڕیبێتی، فرۆشتبێتی، گواستبێتیەوە، بەکاریهێنابێت، نێوەندگیری و بازاڕگەرمی بۆ کردبێت، پێشکەشی کەسی تری کردبێت، هاندەری بەکارهێنانی بوبێت، شوێنێکی بۆ ماددەی هۆشبەر یان کارتێکەری عەقڵی بەڕێوەبردبێت یان ئامادەکردبێت یان ڕەخساندبێت.

-دەرەنجام:-

ئالودە بوون بە مادە ھۆشبەرەکان لە ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا زەنگێکی ترسناکە و کێشەیەکی گەورەیە،وە بۆتە مۆتەکە بۆ ئێستاو  داھاتووی نەوەکانی دوا رۆژی میللەتەکەمان، گەر ئاوا بەردەوام بێت بێگومان ئەم ولاتە دەخاتە ژێر مەترسیەکی گەورەوە، رەنگە ئەمەش پلان و بەرنامەی دارێژراوی دوژمنان و نەیارانی گەلەکەمانی لە پشتەوە بێت وە کێشە و قەیرانەکان و نەبوونی کار , رەنگە کۆمەڵێ ھەلی لەباربن بۆ بلاوبوونەوە و بەرپابوونی ئەم دیاردە نەخوازراوە لە نێو کۆمەڵگەدا، بە پێی راپۆررت و ئامارە نھێنیەکان ژمارەی بەکاھێنەران و تێوەگلاوانی مادە ھۆشبەرەکان لە ھەڵکشاندایە ئەمەش ھەڵوێستەیەکی جدی دەوێ لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێم بۆ بە گژاچوونەوەو بنەبڕکردنی ئەم حاڵەتانە کە ھەرەشەی گەورەی دروست کردووە لە سەر داھاتووی گەنجان و ڕۆلەکانمان وە پێویستە بایەخێکی تەواوی پێ بدرێت لە رووی مادی و معنویەوە ئەگەرنا لە سنوری خۆی تێپەرێت چارەسەرکردنی کارێکی دژوار دەبێت و ئاسان نابێت.

لەگەڵ ئەوەشدا نابێ ڕۆڵی دەزگا تایبەتمەندەکانی  لایەنی ئەمنی و ئاسایش، کەرۆڵی بەرچاویان ھەیە لە باشکردن و کەم کردنەوەی بازرگانی  بەمادە ھۆشبەرەکان، بەکەم سەیربکرێ.

ھەروەھا  رۆڵی دەزگا راگەیەندەکانیش لە بیر نەکەین کەلە ھۆشیاری تاک رۆڵێکی کاریگەر دەبینن.

بەڵام  لەسەروی ھەمویەوە باشبوونی باری ئابووری، چارەسەری بنەڕەتیە بۆ کەم بوونەوەی ئەم دیاردە کوشندەیەی کۆمەڵگا.
تێبینی :- بەسوود وەرگرتن لە کۆمەڵێ بابەتی زانستی و یاسایی لە ئەنترنێت

10/07/2023



وتارەکانی تری نوسەر